پزیشکێکی مەسیحی و دوو کەسی نزیکی بە چەقۆ کوژران

 پزیشکێکی مەسیحی و دوو کەسی نزیکی بە چەقۆ کوژران
پزیشکێکی مەسیحی و ژمارەیەک ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن گرووپێکی چەکداریییەوە بە چەقۆ کوژران.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رووداوەکە درەنگانی شەوی پێنجشەممە 8/3/2018 لە ناوچەی مەشتەل لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق رووی داوە.



چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو پزیشکە و دواتر هەریەکە لە دکتۆرەکە، هاوسەری و دایکی ئەو پزیشکەیان بە چەقۆ کوشتووە.



سەرچاوە عێراقییەکان بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی پزیشکەکە، بڵاویان کردووەتەوە، کە کوژراوەکان بە ئایین مەسیحی بوون.



بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و بڵاو بوونەوەی دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداری لە شەقام و شارەکانی عێراق، بەردەوام کردەی تیرۆریستی، رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە بەغدای پایتەخت، روو دەدەن.



دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، هەزاران هاووڵاتیی مەسیحی لە ترسی گرووپە توندڕەوە تائیفی و تیرۆریستییەکان، بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیان بەجێ هێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.



لە کوردستان پێچەوانەی عێراق و زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسیحییەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەموو ئەو ئەرک و مافانەیان هەیە، کە هاووڵاتییانی کورد، تورکمان، عەرەب، موسڵمان، ئێزدی و کاکەیی هەیانە و لەسەریانە.





باسنیوز
Top