حەشدی شەعبی دەستپێشخەرییەکەی عەبادی رەت دەکاتەوە
نەعیم ئەلعەبودی، گوتەبێژی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ”هەنگاوێکی باشە، ئەگەرچی درەنگ کەوت“.
نەعیم ئەلعەبودی هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان تێکەڵکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ رەت دەکەنەوە، چونکە ”ئەمە دەبێتە هۆی کوشتنی گیانی مەعنەویی حەشدی شەعبی“.
هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبادی فەرمانی دا بە تێکەڵکردنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆی.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای چەکداریی تائیفیی توندڕەو پێک دێت. دوای شکستپێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، بە فەرمانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقەوە دروست بوو.
هەرچەندە بەپێی یاسای عێراقی، حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزی چەکداریی عێراقی و سەر بە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، بەڵام هەر میلیشیایەکی حەشدی شەعبی بڕیار لە حزبەکەی و سەرۆکەکەی وەردەگرێ و گوێ بە فەرمانەکانی عەبادی نادەن.
باسنیوز