پارێزه‌ری ره‌غدی كچی سه‌ددام له‌ دژی بڕیارێكی حكوومه‌تی عێراق هاته‌ده‌نگ

پارێزه‌ری ره‌غدی كچی سه‌ددام له‌ دژی بڕیارێكی حكوومه‌تی عێراق هاته‌ده‌نگ
به‌دیع عارف، پارێزه‌ره‌كه‌ی ره‌غد كچی سه‌ددام حوسێن، بڕیارێكی حكوومه‌تی عێراق، بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و سامانه‌كانی ره‌غد، به‌ "تایه‌فی" وه‌سف ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، موزایه‌ده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌.

رۆژنامه‌ی "القدس العربی" راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌دیع عارف له‌ لێدوانێك رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌ناده‌باته‌ به‌ر دادگای نێوده‌وڵه‌تی، له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌ ئه‌وروپییه‌كان، به‌تایبه‌تیش به‌ریتانی و ئیرله‌ندییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكارانه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق تۆمار بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی حكوومه‌تی عێراق هێشتا رێكاری نایاسایی له‌ دژی منداڵه‌كانی سه‌رۆكی پێشووتری عێراق ده‌گرێته‌به‌ر.

پارێزه‌ره‌كه‌ی ره‌غد ده‌شڵێت: "هه‌موو ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ له‌ ئه‌نجامی داگیركارییه‌، هه‌ر شتێكیش له‌سه‌ر بنه‌مای ناڕه‌وا بنیات نرابێت، هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ناڕه‌وایه‌" و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، رێكاری پێویست بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی ده‌گرێته‌به‌ر، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ن.

ده‌سته‌ی لێپێچینه‌وه‌ و دادوه‌ری له‌ حكوومه‌تی عێراق، بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی موڵك و سامانی گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌ی سه‌رۆكی پێشووتری عێراق، سه‌ددام حوسێن و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌ركرد، له‌گه‌ڵ سامانی نزیكه‌ی 4 هه‌زار كه‌سی دیكه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌كه‌ش، كه‌ تێیدا هاتووه‌: "لیستێكی تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ یاسای ژماره‌ 72ی ساڵی 2017 ده‌یانگرێته‌وه، ته‌واو بووه‌، كه‌ خۆی له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و سامانی گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌دا ده‌بینێته‌وه‌".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ته‌واوی ئه‌و سامانانه‌ی ده‌ستییان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، داهاته‌كانییان ده‌چێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی.

4257 كه‌س، له‌ منداڵ و ئه‌ندامانی خێزان و كه‌سه‌ نزیكه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و بریكارانه‌ی مافی گواستنه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی سامان و موڵكه‌كانییان پێدراوه‌، ناوییان له‌ لیسته‌كه‌دا هاتووه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ش سكرتێری سه‌ددام حوسێن بووه‌ و به‌ "عه‌بد حه‌مود" ناسراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی قودسی عه‌ره‌بی، بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌، پێویسته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ره‌زامه‌ندی بدات، به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ش، له‌و ئان و ساته‌دا، بڕیارێكی له‌و جۆره‌، وه‌ك گوشارێك بۆ سه‌ر عه‌بادی لێكده‌درێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق نزیكبووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، پێشبینی ناكرێت سیاسییه‌كانی سووننه‌ له‌ دژی ئه‌م بڕیاره‌ بوه‌ستنه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی به‌رگریكردن له‌ دار و ده‌سته‌كانی سه‌ددام و ده‌بێته‌ هۆی نیگه‌رانی جه‌ماوه‌ر و بێزاركردنی ده‌نگده‌ران.

سه‌رچاوه‌كه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ بۆ ئیحراجكردنی عه‌بادی نییه‌ و دووپاتیی ده‌كاته‌وه‌، ده‌سته‌كه‌ له‌ عه‌بادی نزیكه‌ نه‌ك نووری مالیكی، له‌ ئه‌گه‌ری گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویستیش بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌بادی ته‌واو ده‌بێت.








K24
Top