ئاژانسێك: میلیشیا شیعه‌كان به‌هه‌ڕه‌شه‌كردنیان له‌ ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان عه‌بادى شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن

ئاژانسێك: میلیشیا شیعه‌كان به‌هه‌ڕه‌شه‌كردنیان له‌ ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان عه‌بادى شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن

له‌ كاتێكدا كه‌ عه‌بادى له‌ ئاهه‌نگێك له‌ باره‌گاى فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ به‌غدا، ڕایگه‌یاند، ده‌بێت چه‌ك ته‌نها به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت، میلیشیای حزبوڵاى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كات. هاوكات ئاژانسی (فورات)ى هه‌واڵیی، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، میلیشیاكان به‌و هه‌ڕه‌شانه‌، سه‌رۆك وه‌زیران به‌رامبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن.


میلیشیاى حزبوڵاى عێراقی، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌ بیانییه‌كان له‌سه‌ر خاكى عێراق ده‌كات، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانى ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "ئیداره‌ى ئه‌مریكا، له‌پێناو هێشتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌سه‌ر خاكى وڵات، گرووپێكى ترى تیرۆریستى دروست ده‌كات".


میدیاكانى عێراق، له‌سه‌ر زارى جه‌عفه‌ر حسێنى، گوته‌بێژى میلیشیاكانى حزبوڵاى عێراقی، ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌ده‌ست هه‌ژموونى ئه‌مریكاوه‌ كه‌ ده‌ستى به‌سه‌ر بڕیارى سیاسییدا گرتووه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ده‌ناڵێنین".

ئه‌و گوته‌بێژه‌ پرسیارى ئه‌وه‌شى ده‌كرد، كه‌ چوونه‌ ناو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ چى سوودێكى ده‌بێت له‌كاتێكدا: "ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكى عێراقه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌ره‌تا هێزه‌كانیان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و پاشان به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ین".


جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "میلیشاكانى نزیك له‌ ئێران" كه‌ خۆیان ناوناوه‌ (به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌) چه‌ند مانگێكه‌ خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئاماده‌ كردووه‌، گوتیشی: "زۆرینه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ هاوپه‌یمانێتى (فه‌تح)ن، تواناى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كانیان هه‌یه‌".
bas news-
Top