سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی فەتوای کوشتنی پەرلەمانتارێک دەردەکات
سەرکردەیەکی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی فەتوای کوشتنی پەرلەمانتارێکی عێراق دەردەکات.
واسق بەتات، ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بە چەکدارەکانی میلیشیاکەی رادەگەیەنێت، کە کوشتنی عەباس بەیاتی، سەرکردەی تورکمانی شیعەمەزهەب ئەرکە لەسەریان، ئەگەر نا نابێ خۆیان بە ”موجاهید“ بزانن.
واسق بەتات رایگەیاندووە، دەبێ عەباس بەیاتی تۆبە بکات و داوای لێبووردن بکات، ئەگەرنا ”دەبێ بکوژرێ“، چونکە ”مەرگەساتی کوشتنی ئیمام عەلی بە بیر هێناینەوە“.
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی هەروەها رایگەیاندووە، بەیاتی سووکایەتی بە ئیمام عەلی و پیرۆزییەکانی شیعە کردووە و هەر کەسێکیش بەرگریی لێ بکات، ”سزای مردنی بەسەردا دەسەپێنین“.
پێشتر عەباس بەیاتی لە کەناڵێکی وڵاتەکەیدا، هەر پێنج لیستی نەسری حەشدی شەعبی، دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، فەتحی عەبادی، حیکمەی عەمار حەکیم و سائیرونی بە هەر پێنج کەسایەتییە پیرۆزەکەی شیعەمەزهەبەکان (محەمەدی پێغەمبەری خوا، عەلی کوڕی ئەوب تاڵیب، فاتیمەی کچی پێغەمبەر، حوسێن و حەسەنی کوڕانی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) شوبهاندبوو.
bas news-