یه‌كه‌م لێدوانى باوكى كچه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ كه‌ له عێراق زیندانی كراوه‌

یه‌كه‌م لێدوانى باوكى كچه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ كه‌ له عێراق زیندانی كراوه‌


رۆژنامه‌ى (بیڵد)ى ئه‌ڵمانى، دیدارێكى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ باوكى لیندا، ئه‌و كچه‌ ئه‌ڵمانییه‌ داعشییه‌ى له‌ مووسڵ كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانى عێراق، ئه‌نجام داوه‌.

(راینه‌ر . ف 57 ساڵ) باوكى كچه‌ داعشییه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ى پۆلسنیتز له‌ ویلایه‌تی ساكسۆنیا ده‌ژى و ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ باره‌ى بۆچوونى له‌سه‌ر كچه‌كه‌ی پرسیارى لێكردووه‌، له‌وه‌ڵامدا رایگه‌یاندووه‌، خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ى سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رنه‌كراوه‌: "ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستى له‌ جه‌نگ و كارى وه‌حشیگه‌رانه‌دا، نه‌بووه‌".


پیاوه‌كه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌شى به‌ڕۆژنامه‌كه‌ گوتووه‌، كه‌ تائێستاش ورده‌كارى رووداوه‌كانى 18 مانگى ڕابردوو له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ى نازانێت و ده‌شڵێت، كه‌ دۆسێكه‌ گوماناوییه‌.


ڕاینه‌ر، گوتیشی: "به‌شێك له‌گه‌نجه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناو كێشه‌وه‌ و له‌ماڵ هه‌ڵدێن، ره‌نگه‌ دواتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌موو شتێك ئاسایی ببێته‌وه‌، به‌ڵام كچه‌كه‌ى من رۆشت بۆ جه‌نگ، بۆ لاى پیاوێك كه‌ نه‌یده‌ناسی و پێده‌چێت دواى گه‌یشتنى به‌عێراق به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م، كوژرابێت".


نیگه‌رانى خۆیشى له‌و رووداوانه‌ ده‌ربڕی و گوتى: "پرسیارى ئه‌وه‌م له‌مێشكدا دروست ده‌بێت، كچه‌كه‌م چۆن ده‌گه‌ڕِێته‌وه‌ بۆ لامان، هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاره‌كانى چۆن ده‌بن، ئه‌ى چی بكه‌ین گه‌ر مێشكى شۆردرابووه‌وه‌".


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دیدارى كچه‌كه‌ ره‌ت نه‌كرده‌وه‌ و گوتی: "ئه‌و هه‌موو كات ده‌توانێت بێت بۆ لام و پێكه‌وه‌ له‌باره‌ى هه‌موو شتێك، وتوێژ بكه‌ین".

ئێستا ئه‌و باوكه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژیانى كچه‌كه‌ى دڵنیا ببێته‌وه‌، هیواش ده‌خوازێت: "كچه‌كه‌ى ناچار نه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ گرتووخانه‌كانى عێراقدا بمێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا بتوانێت بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئامێزى وڵات و سزاكه‌ى لێره‌ به‌سه‌ر ببات".


لیندا، كچێكى 17 ساڵانى ئه‌ڵمانییه‌ و كۆتاییه‌كانى 2017 له‌ ئۆپه‌راسیۆنى ڕزگاركردنى مووسڵ به‌ بریندارى كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقییه‌كان، دواتر رایگه‌یاندبوو، كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕێكى بیانییدا له‌ماڵ هه‌لاتووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ سووریا و له‌وێشه‌وه‌ عێراق، دادگایه‌كیش سزاى شه‌ش ساڵ زیندانیكردنى بۆ ده‌ركرد.
bas news-
Top