ئەمریکا رێکاری پێویست لە دژی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی دەگرێتە بەر
بەپێی راپۆرتێکی (ئەلعەرەبی جەدید)، چەند بەرپرسێکی عێراقی باسیان لەوە کردووە، کە ئەمریکا بڕیاری داوە رێگریی لە نزیکبوونەوەی حەشدی شەعبی لە سەربازگەکانیان بکات، بەشێوەیەک، نابێ لە 20 کیلۆمەتریی دەوروبەری سەربازگەکانیان بن.
سوپای ئەمریکا پاراستنی سنووری زیاتر لە 20 کیلۆمەتریی دەوروبەری سەربازگەکانی بە سوپا و پۆلیسی عێراقی سپاردووە.
پێشتر چەندین جار حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق کردووە و بەردەوام داوای چوونە دەرەوەیان لە عێراق، دەکات.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای چەکداریی توندڕەو پێک هاتووە، کە دوای شکستپێهێنانی سوپای عێراق لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست بوو.
باسنيوز