هۆشداری لە حکوومەتی شاراوەی حەشدی شەعبی لەنێو حکوومەتی عێراق دەدرێ
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی (عەرەبی جدید) لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاوی کردووەتەوە، کێشەکە لە نێوان سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئێرانیان لەگەڵ دایە، لە لایەک و فەرماندەیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی و چاودێری دەکرێن، لەلایەکی دیکەوەیە.
بەرپرسانی دەزگاکە ئاشکرایان کردووە کە سەرەڕای ئەوەی پێیانوایە لەنێو هێزەکانی دیکەی عێراقدا دژە تیرۆر توانایەکی جیاوازی سەربازی هەیە، بەڵام بەردەوام فەرماندە و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەستێوەردان لە کارەکانیاندا دەکەن و دەسەڵاتە دەستوورییەکان پێشێل دەکەن کە دواجار گەیشتووەتە هەڕەشەکردن لە هەندێک لە فەرماندە دیارەکانی دژە تیرۆر.
لەمبارەیەوە بەرپرسێکی دژە تیرۆر ئاشکرای کردووە: ”پاش ئەوەی هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن حەشدەوە لە چوار فەرماندەی دژە تیرۆر لە سنووی (کەرکووک، بەغدا، بەعاج و بێجی) کرا، بەشێک لە فەرماندەکانی دەزگاکە هەڕەشەی وازهێنانیان کردووە و یەکێک لە فەرماندەکانی دژە تیرۆری عێراقیش کەوتووەتە مشتومڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای حەشد“.
هەمان ماڵپەڕ لەزاری سەرچاوەیەکی نێو حەشدی شەعبییەوە ئاشکرای کردووە کە هۆکاری کێشەکە، هەرسێ میلیشیای عەسایب ئەهلی هەق و حزبوڵا و کەتیبەی نوجەبای نێو حەشدی شەعبین کە دەیانەوێت زانیارییە تابەت و هەواڵگرییەکان لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق وەربگرن.
هەر لە چوارچێوەی ئەو ناکۆکییانەدا، میدیای سەر بە حەشدی شەعبی خەریکە تۆماری ڤیدیۆیی بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی دەزگای دژە تیرۆری عێراقی لەگەڵ سەدام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراق بڵاو دەکاتەوە و داوا دەکات یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە حسام عیسا، سەرکردە لە ڕەوتی مەدەنیی عێراقی بە ماڵپەڕی (عەرەبی جدید)ی ڕاگەیاندووە، حەشدی شەعبی لە زۆر لە جومگەکانی دەوڵەتدا دەستێوەردان دەکات، تەنانەت دەستێوەردانەکە گەیشتووەتە ئاستی دامەزراوە مەدەنییەکانی حکوومەت وەک (ڕەگەزنامە، پاسپۆر، سنوور، گومرگ، خاڵی پشکنین، دەروازەی شارەکان، فڕۆکەخانەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان).
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ئەرکی حکوومەت لەمەودوا سنووردانانە بۆ دەستێوەردانەکانی حەشدی شەعبی. دەشڵێت: “ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەمریکا لە حاڵەتی هەستکردنی بە کۆنتڕۆڵکردنی حکوومەت لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دەست لە سەرجەم دەزگاکان هەڵدەگرێت و هەموو جۆرەکانی هاوکاریکردن دەوەستێنێت”.
باسنیوز