پەرلەمانتارێکی سوننە: زۆرینەی مەزھەبی لە عێراق کۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسیان کردووە
پەرلەمانتارێکی سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، کە زۆرینەی مەزھەبی (شیعە) لە عێراق کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی سیاسییان کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 17/2/2017، ماڵپەڕی (بەغدا ئەلیۆم)، لە زاری رەعەد دەھلکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاندووە: "زۆرینەی مەزھەبی کۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسییان لە عێراق کردووە، عەرەبە سوننەکانیان لە پۆستە ھەستیارەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت دوور خستووەتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە پێکھاتەی عەرەبی سوننە لە عێراق، تاوەکو ئیستا فەرامۆش کراون لەلایەن زۆرینەی مەزھەبییەوە ،کە کۆنتڕۆڵی جومگە سەرەکییەکانی حکوومەتیان کردووە.
ئاشکراشی کردووە، کە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق کە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان کردووە، رێگەش بە عەرەبی سوننە نەدراوە کە پۆستی ھەستیار لە ناو دامودەزگا ئەمنییە گرنگەکان وەربگرن، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە عەرەبە سوننەکان نوێنەریان لە ناو حکوومەتی عێراقدا ھەیە، بەڵام لەلایەن زۆرینەی سیاسی لە عێراق فشاری گەورەیان لەسەر دەکرێت.
bas news-