لە فڕۆكەخانەی بەغدا گەشتیار دەتوانێ دەمانچە لەگەڵ خۆی بباتە نێو فڕۆكە

لە فڕۆكەخانەی بەغدا گەشتیار دەتوانێ دەمانچە لەگەڵ خۆی بباتە نێو فڕۆكە



گوتەبێژی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گەشتیار دەمانچەی لەگەڵ خۆی بردووەتە نێو فڕۆكەی مەدەنی، بەبێ ئەوەی لەلایەن خاڵەكانی پشكنینی فڕۆكەخانەكەوە پێبزاندرێ.


ئەمڕۆ شەممە عادل نوری گوتەبێژی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دەمانچە و مادەی تری قاچاخ سواری فڕۆكەكان دەكرێ، بەبێ ئەوەی ئاسایشی فڕۆكەخانەی بەغدا ئاشكرای بكات یان بیانگرێ.


عادل نوری ئاماژەی بەوە داوە كە دۆسیەی بەدواداچوونیان لەبارەی كۆمپانیای G4Sی ئەمنی هەیە، كە ئاسایشی فڕۆكەخانەی بەغدایان لە ئەستۆیە، تیایدا ئابڕووچوونی گەورە تۆمار كراوە، لەنێویاندا نەپاراستنی دەوروبەری فڕۆكەخانەكە و سیمڕێژنەكردنی دیواری سنووری فڕۆكەخانەكە، تا ئێستەش 52 دەرچە لە دیواری فڕۆكەخانەكە هەیە و پڕ نەكراونەتەوە، هەروەها كەموكورتی لە ئامێری سۆنار هەیە لە شوێنەكانی پشكنین لە فڕۆكەخانەكە، ئەو ئامێرانەی سۆناریش كە هەن، ماوەی شازدە ساڵە بەكاردەهێندرێن، بەبێ گۆڕین یان نۆژەنكردنەوەیان".


هەروەها ئاشكرای كردووە سەگەكانی فڕۆكەخانەكە بەكاریان دێنێ، سەگی پۆلیسی نین، بەڵكو لە بازاڕە میللییەكانی بەغدا كڕیویانن، ڕاهێنانی پێویستیان پێنەكراوە. جگە لەوەی ئاسایشی فڕۆكەخانەكە چاوپۆشی لە هاتنی دەرمانی ماوە بەسەرچوودا كردووە.


هۆشداریشی داوە ئەگەر كۆمپانیا جیهانییەكان بەم راستییانە بزانن، ئەوا گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا رادەگرن.


لە كۆتاییشدا دووپاتی كردەوە لیژنەكانی پشكنینیان توانیویانە تا نێو فڕۆكەی مەدەنی، دەمانچە لەگەڵ خۆیان ببەنە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی ئاسایشی فڕۆكەخانەكە بزانێت.



bas news-
Top