عه‌بادى لاى ئه‌مریكا دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ داعش تائێستاش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر عێراق

 عه‌بادى لاى ئه‌مریكا دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ داعش تائێستاش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر عێراق
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ عه‌مان، پایته‌ختى ئوردن، جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ئێران میلیشیاكانى له‌ سووریا بكشێنێته‌وه‌، ئاشكراشی كرد، كه‌ عێراق تائێستاش ترسى له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش ماوه‌.

ڕیكس تیله‌رسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئوردن، ڕای گه‌یاند: "ئێمه‌ له‌باره‌ى ڕووداوه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى نێوان ئێران و سووریا و ئیسرائیل، نیگه‌رانین، ئه‌مه‌ش جاریكى تر ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆ چى بوونى ئێران له‌ سووریا جگه‌ له‌ ئاژاوه‌ هیچی دیكه‌ى لێبه‌رهه‌م نایه‌ت".

جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت كۆمارى ئیسلامی ئێران هێزه‌كانى خۆى و میلیشیاكانى له‌ سووریا بكشێنێته‌وه‌ و بوار بدات پرۆسه‌ى ئاشتیی له‌ جنێف سه‌ربگرێـت، گوتیشی: "هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق و سووریا ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر داعشیش له‌ناو بچێت، مانه‌وه‌ى هێزه‌كان بۆ گره‌نتى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌".

ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، گفتوگۆ له‌باره‌ى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، گوتیشی: "ده‌زانین، عه‌بادی_یش دانى پێداناوه‌، كه‌ چه‌كدارانى داعش تائێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر عێراق، بۆیه‌ له‌وێ ده‌مێنینه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى به‌ته‌واوى دڵنیا ده‌بینه‌وه‌ له‌نه‌مانى ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ مانگى 11ى ساڵى 2017 عه‌بادى سه‌ركه‌وتنى كۆتایی به‌سه‌ر داعش ڕاگه‌یاند، به‌ڵام زۆرى پێنه‌چوو ، داعش چه‌ندین كرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ شار و شارۆچكه‌كانى عێراق ئه‌نجام دا و له‌ خۆرئاواى نه‌ینه‌واش، نمایشى سه‌ربازیی كرد.









باسنيوز
Top