حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو خۆیاندا ده‌بێت به شه‌ڕیان
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به رۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بی راگه‌یاندووه: "شه‌ڕه‌كه له‌نێوان گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی كه به لیوای نه‌مروود ناسراوون و سه‌رایای سه‌ر به حه‌شد روویداوه، كاتێك گرووپی دووه‌م ویستوویانه بچنه گوندێكه‌وه، به‌و هۆیه‌وه گرژی له‌نێوانیاندا درووستبووه‌و ته‌قه‌یان له یه‌كتری كردووه‌و دوو چه‌كدار برینداربوون".
لیوای نه‌مروود به هێزه‌كه‌ی سه‌رایایان گوتووه، بۆیان نییه بێنه ئه‌و گونده‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كێشه‌كه به شه‌ڕ كۆتایی هاتووه‌و به‌هۆی رووداوه‌كه‌یشه‌وه لێكترازان له ریزی ئه‌و گرووپانه روویداوه. بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی بارودۆخه‌كه بكرێت، ھێزێكی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به ناحیه‌ی نه‌مروود و دۆسێی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یان گرتووه‌ته ده‌ست، تا ده‌ڤه‌ره‌كه له شه‌ڕی ئه‌و دوو گرووپه‌ی حه‌شد دوورخه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه گوتوویه‌تی: "ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به به‌رده‌وامی ململانێ چه‌كداریی تێدا رووده‌دات و كێشه‌ی زۆر له‌نێوان گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ریهه‌ڵداوه، چونكه ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه سۆزیان بۆ پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كه جیاوازه‌كان هه‌یه كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیان هه‌یه و زۆربه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه به فه‌رمانی، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی نه‌ینه‌وا ناجووڵێنه‌وه. جیا له‌وه‌ش سه‌ر به نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زهه‌بی جیاوازن و بوونه‌ته مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه".
K24