ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا: پێناچێت به بێ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بتوانین بودجه تێبپه‌ڕێنین
فراكسیۆنى حزبى ده‌عوه "ڕێكخراوى ناوخۆ" له په‌رله‌مانى عێراق، كه یه‌كێكه له پێكهاته‌كانى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10/ 2/ 2018 ڕای گه‌یاند، پێناچێت بتوانرێت به بێ ئاماده‌بوونى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتیی 2018، بكرێت.
عه‌لى بدێری، سه‌رۆكى فراكسیۆنى حزبى ده‌عوه "ڕێكخراوى ناوخۆ"، له ڕاگه‌یاندراوێكدا گوتی: "خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتیی بۆ ساڵى 2018، له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ى نیسابی یاسایی ده‌وه‌ستێت".
جه‌ختیشی كرده‌وه، كه كشانه‌وه‌ى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له دانیشتنى سبه‌ینێدا، نیسابى یاسایی تێك ده‌دات، گوتیشی: "ڕێككه‌وتن لگه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى نه‌وت، تائێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه به‌وه‌ى به زۆرینه‌ى ده‌نگ یاساكه تێبپه‌ڕێندرێت".
له‌دانیشتنى ڕابردووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا، له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ى پرۆژه‌یاساكه، په‌رله‌مانتار "شاخه‌وان عه‌بدوڵا" له فراكسیۆنى پارتى، ڕه‌شنووسى پرۆژه‌كه‌ى له‌ده‌ست سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایی ده‌ركرد و ڕێگه‌ى نه‌دا له‌خوێندنه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت، به‌دواى ئه‌ویشدا ژماره‌یه‌كى تر له په‌رله‌مانتارانى كورد وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین توانییان ڕێگریی لهتهواوبوونى دانیشتنه‌كه بكه‌ن.
له پرۆژه‌یاساكه‌دا، پشكى هه‌رێمى كوردستان له 17% بۆ 12.67 كه‌م كراوه‌ته‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، تا پشكى هه‌رێم زیاد نه‌كرێت، له دانیشتنى په‌رله‌مانى تایبه‌ت به بودجه، ئاماده نه‌بن.
bas news-