"ناهێڵین بودجە بخوێندرێتەوە"
پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق بەند كراوە بە ژمارەی دانیشتووان و هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش ناڕەزاییی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لێ كەوتووەتەوە، بۆیە بەبێ گۆڕینی ئەم بڕگەیە ئامادە نین بودجەی 2018 پەسەند بكەن.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دوو جار لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بووینەوە و پێشنیارەكانی خۆمان خستنەڕوو، بەڵام بەداخەوە پێشنیارەكانی ئێمە لە ناو پرۆژەیاسای بودجە جێگیر نەكران و هیچ بۆ گەلی كورد دانەنرا، بۆیە ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵێك دەدەین نیسابی یاسایی بۆ دووەم خوێندنەوەی بوودجە و تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق تەواو نەبێت، تا پشكی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە بۆ ڕێژەی 17% زیاد نەكرێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك لێ ناگەڕێین، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە بكرێت.
نەجیبە نەجیب ڕوونیشی كردەوە: "حەیدەر عەبادی تا ئێستا هەر لەسەر قسەكانی خۆیەتی و، نایەوێت بودجەی كوردستان 17% بێت بەڵكو دەیەوێت هەر 12% بێت، لەگەڵ ئەوەی دروستكردنی لیژنە بۆ وردبینیكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی، كە تا ئێستا مووچەی ئەوان ڕەوانە نەكراوە، حەیدەر عەبادی دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت و وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات".
kdp -