"کێ براوەی ٧ ساڵەی جەنگی سووریایە"
رووسیا و ئێران و تورکیا بە هاوبەشی چاویان خستووەتە سەر سووریا، کۆشکی کرێملن ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، کە سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پووتین لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون لەسەر هەماهەنگی سەربازیی هێزەکانیان لە سووریادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها باسیشیان لە پێوەندییەکی نوێی نێوان ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە سووریادا کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی کرێملن، سەرۆکی هەرسێ دەوڵەتی ڕووسیا و تورکیا و ئێران پێوەست بە سووریا کۆ دەبنەوە.
ئێستا کە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین ١٩ ڕۆژ تێپەڕ دەکات، دوای حەوت ساڵی جەنگ لە سووریادا بەشار ئەسەد لەسەر کورسیی دەسەڵات ماوەتەوە، بە گوێرەی شیکارییەکی دەیڤد گاردنەر، کە لە ڕۆژنامەی فاینەنشناڵ تایمزدا بڵاوی کردووەتەوە، بۆچوونی وایە کە تا ئێستا ئەوەی براوەی شەڕ بووبێ لە سووریادا وڵاتانی بیانین، وەک ڕووسیا و ئێران و هەروەها ڕژێمی ئەسەد، شکستمەندی سەرەکیش لە سورویادا گەلی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریایە.
دەیڤد گاردنەر لە دەستپێکی شیکارییەکەیدا باسی لەوە کردووە کە حەفت ساڵە کوشتن و جەنگ بە شێوەیەکی تائیفی توندڕەوانە درێژەی هەیە، دوای حەفت ساڵ لە نێو شکستی هەموو لایەنەکاندا دەبێ کێ براوەی جەنگ بێ؟ یەکەم شکست گەلی سووریایە، کە بە هۆی جەنگەوە نیو میلۆن کەسیان لێ کوژراوە، سووریایەکی ٢٣ ملیۆن کەسی زیاتر لە ١١ ملیۆنی لێ ئاوارە بووە، نیوەی سووریا ڕۆیشتووە و وڵاتی جێ هێشتووە.
لە هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆنی سووریا شکستمەند بووە، لە ماوەی حەفت ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا و ئێران پشتگیرییان لە ڕژێمی سووریا کردووە و بەو هۆیەشەوە ئەسەد تا ئێستا لە دەسەڵاتدا ماوە.
لە باسی پەیەدەشدا نووسەر نووسیویەتی، پەیەدەیش لە سووریادا کە پشتی بە ئەمەریکا بەستووە، لە ژێر هەڕەشەی تورکیادان و ئێستا لە عەفرین لەژێر هێرشی تورکیادان، تورکیا مەبەستی نییە کە دەست بەسەر خاکی سووریادا بگرێ، بەڵکوو ئەویش مەبەستییەتی کە بەشار ئەسەد لە حوکمدا بهیڵێتەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە هەرجۆرە حوکمێکی کوردی بگیرێ، کە بیەوێ لە سووریادا قەوارەیەکی کوردی دروست بکات.
دەیڤد وای دەبینێ، ئەوەی سوودمەند بووە و تا ئێستا جەنگەکەی بردووەتەوە ڕووسیا و ئێرانن، چونکە نفووزیان لە سووریادا زیادی کردووە، بەڵام لە سووریادا کەس براوەی جەنگ نییە، وەک ئەوە وایە کە لە سووریادا هەموویان بێن وەک جیهادییەک ماسی بگرن.
kdp _