عەبادی ئامادە نییە 500 ملیار دینارەکەی جووتیارانی کوردستان خەرجبکات

عەبادی ئامادە نییە 500 ملیار دینارەکەی جووتیارانی کوردستان خەرجبکات
حکومەتی عێراق دەیەوێت بڕی 500 ملیارد دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجنەکات، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر بەغدا سووربێت لەسەر نەدانی ئەو بڕە پارەیە، ناچارن چەند رێوشوێنێکی بەرامبەر بگرنەبەر.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناچارن داوا لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بکەن، کە هاوکارییەکانی بۆ حکومەتی عێراق راگرێت، تا ئەو کاتەی حەیدەر عەبادی پارەی هەموو گەنمی جووتیاران دەدات و سندووقەکە دەتوانێت ناچاری بکات پارەکە بدات.


ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد کە دەشیانەوێت ژمارەیەک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان ببەنە بەغدا و سکاڵا لەسەر حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار بکەن، یان داوا لە مەرجەعی باڵای شیعەکان بکەن کە ناوبراوە ناچار بکات مافی جووتیاران بدات.

بەپێی گوتەی ئەحمەد حاجی رەشید، حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان باسی لەوە کردووە، ئەو بڕەپارەی گەنمی جووتیاران لای ماوە هەمووی نادات کە بڕی 500 ملیارد دینار دەکات و پاساویشی ئەوەیە، ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان وەریانگرتووە زیاترە لە ئەو بڕەی بەرهەم هاتووە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات، لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی عێراق کێشە بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، لە کۆی ترلیۆنێک و 986 ملیارد دینار، هێشتا بڕی 650 ملیارد دیناری لاماوە خەرجی بکات.

حەیدەر عەبادی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا باسی لە کێشەی گەنمی جووتیاران کرد و رەخنەی ئەوەیگرت، گەنمێکی زۆر پێشکەشکراوە کە لە توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو و رایگەیاند، پێمانوایە ئەو گەنمە لە دەرەوە هاتووە، بۆیە بڕیارماندا کە ئەوە بە نرخی گەنمی هاوردەکراو هەژمار بکرێت.
rudaw -
Top