میلیشیا چەكدارەكان مادەی هۆشبەر ئاودیوی بەسرا دەكەن
دوای ئەوەی بەشێوەیەكی رۆژانە و بەردەوام هێزە ئەمنیەكانی شاری بەسرا دەستیان بەسەر مادەی هۆشبەردا دەگرت، دەركەوت ئەم برە زۆر و بەردەوامانە لە ڕێگەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراقەوە لە ئێرانەوە ئاودیوی بەسرا دەكرێن.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا رایگەیاندووە كە مادەی هۆشبەر بەشێوەیەی نایاسایی لە وڵاتانی دراوسێوە ئاودیوی بەسرا دەكرێ، بەتایبەتیش لە ئێرانەوە، ئێستەش سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە كە میلیشیا و مافیای چەكدار كە لەنێو حكوومەتی عێراقیدا پشتیوانیان لێ دەكرێ، بەرپرسی لە پشتەوەی هێنانی ئەم بڕە زۆرانەی مادە هۆشبەرەكانن بۆ شارەكەی باشووری عێراق.
میدیاكانی عێراق و بەسرا رایدەگەیەنن لەوەتەی خواردنەوە كحولیەكان قەدەخە كراون، خواست لەسەر مادەی هۆشبەر بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەتایبەتی بڕێكی زۆری مادە هۆشبەیەكانی وەك حەشیش و كریستاڵ و خەشخاش بڵاوبوونەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای بەسراش ئاشكرای كردووە كە میلیشیای چەكدار سەر بە حەشدی شەعبی فەرمانی داخستنی سەرجەم دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوەی كحولیان داوە لەنێو شاری بەسرا.
رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ئاشكرای كردووە كە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی مادەی هۆشبەر لە بەسرا دوابەدوای قەدەخەكردنی كحول هات، كۆمەڵگەی بەسراییش هەموو دەزانن ئێران سەرچاوەی مادە هۆشبەرەكانە، بەڵام كەس ناوێرێ نقە بكات، نەوەك چەكدارانی حەشدی شەعبی سزای بدەن.
bas news-