بەغدا بە نائارامترین شاری جیهان دەستنیشان دەکرێت
شاری بە غدای پایتەختی عێراق بە نائارامترین شاری جیهان دەستنیشان دەکرێت، لە کاتێکدا بودجەیەکی زۆر بۆ ئارامی تەرخان دەکرێت.
(ناوەندی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا، 2900 کردەی تیرۆریستی لە بەغدا روویان داوە.
ناوەندەکە شاری بەغدا بە نائارامترین شاری جیهان دادەنێت، لە کاتێکدا تەنیا بۆ ساڵی 2017، بڕی 17 ملیار دۆلار بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تەرخان کراوە.
هەرچەندە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ هێزە ئەمنییەکان تەرخان کراوە، بەڵام رۆژانە تەقینەوە، رفاندن و کوشتن لە بەغدا و هەموو شارەکانی عێراق روو دەدەن.
نائارامیی شاری بەغدا بەو بودجە زۆرەی بۆ هێزەکانی تەرخان دەکرێت لەکاتێک دایە، کە سەرەڕای بڕینی بەشەبودجەی کوردستان، شاری هەولێری پایتەختی کوردستان و هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان ئارامترین ناوچەن لە هەموو عێراق.
جگە لەو هەموو هاووڵاتییانەی عێراق، کە دەیانەوێ پشووەکانیان لە ئارامیدا لە کوردستان بەسەربەرن، بەهۆی شەڕە تائیفی و تیرۆریستییەکانی عێراقەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی ئەو وڵاتە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
bas news-