عێراق هەوڵی زیادکردنی بەرهەمی نەوت دەدات

عێراق هەوڵی زیادکردنی بەرهەمی نەوت دەدات
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند ، تێکڕای بەرهەمی نەوتی عێراق دەگاتە 5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و هەوڵی زیاترکردنی بەرهەمیش دەدەن بەپشتبەستن بە نەوتی کەرکووک.

جەبار لعێبی لە کۆنگرەیەک لە لەندەن رایگەیاند: عێراق پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک دەبێت تایبەت بە کەمکردنەوەی بەرهەم، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زیاترکردنی هەناردە دەدات لە باکوور و باشوور.

جەبار لعێبی ئاشکرایکرد ، تێکڕای بەرهەمی نەوتی عێراق ئێستا دەگاتە 5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 4.6 ملیۆن بەرمیلی لە باشوورەوە بەرهەمدەهێنرێت و عێراق دەخوازێ بە هاوکاری کۆمپانیای بی پی بەرهەمی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک لە باکوور بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکات.

بەپێی بەرنامەی بارکردنی نەوت ، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ بەنیازە مانگی شوباتی داهاتوو رۆژانە 2.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی سووکی بەسرە و یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورسی بەسرە هەناردە بکات.

هاوکات عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند: "رێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق ئەم مانگە رۆژانە لە نێوان 3.5 ملیۆن بۆ 3 ملیۆن و 550 هەزار بەرمیلە". عێراق دووەم گەورەترین وڵاتی ئەندامی هەناردەکاری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک دوای سعودییە.
RUDAW -
Top