پاریس: ئه‌گه‌ر عێراق چه‌كداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌سێداره‌ بدات ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیی ده‌كه‌ین

پاریس: ئه‌گه‌ر عێراق چه‌كداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌سێداره‌ بدات ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیی ده‌كه‌ین
وه‌زیری دادى فه‌ڕه‌نسى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28/ 1/ 2018 ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر سزاى له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر چه‌كداره‌ ده‌ستگیركراوه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌ عێراق و سووریا جێبه‌جێ بكرێت، پاریس به‌هێزى سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ست وه‌رده‌داته‌ هه‌ردوو وڵاته‌كه‌.


له‌به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی كه‌ له‌ میدیاكانى فه‌ڕه‌نساوه‌ په‌خش ده‌كرێت، نیكۆل بیلۆپى، وه‌زیری دادى فه‌ڕه‌نسا، ڕای گه‌یاند: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سزاى له‌سێداره‌دان بۆ هاووڵاتییه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان ده‌ربكرێت، پاریس به‌هێزى سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ست وه‌رده‌داته‌ عێراق و سووریا".


له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكیشدا له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا چی پێده‌كرێت، وه‌زیره‌كه‌ گوتی: "ده‌كرێت سه‌ره‌تا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتى په‌یوه‌ندیداردا بكه‌ین".


لێدوانى ژنه‌ وه‌زیره‌كه‌ى فه‌ڕه‌نسا له‌میانى به‌رنامه‌یه‌كدا هات، كه‌ تێیدا باس له‌و چه‌كداره‌ فه‌ڕه‌نسییانه‌ ده‌كرا، كه‌ له‌ ڕێكخراوى توندڕه‌وه‌كاندا له‌عێراق و سووریا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌، ده‌ستگیر كراون.


پاریس پێشتر ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندبوو، كه‌ پشتگیریی له‌ دادگاییكردنى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى ده‌كات كه‌ له‌و وڵاتانه‌دا ده‌ستگیر كراون: "به‌مه‌رجێك دادگاییه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ بكرێن".


جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ 22/ 1/ 2018 دادگاكانى عێراق سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ 22 چه‌كدارى ئه‌ڵمانى ده‌ركرد، كه‌ له‌ڕیزی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كاندا چه‌كدار بوون.


به‌پێی زانیاریی میدیا فه‌ڕه‌نسییه‌كان، ده‌یان چه‌كدارى ئه‌و وڵاته‌ كه‌ له‌ڕیزه‌كانى داعش بوون، له‌ زیندانه‌كانى سووریا و عێراقن و هاووڵاتیانى ئه‌و وڵاته‌ش داوا ده‌كه‌ن، حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌یان به‌رگری له‌ گیراوه‌كان، بكات.
BAS NEWS -
Top