سەرکردەکانی شیعە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانن
لەبەرامبەریشدا شانەی راگەیاندنی جەنگی بۆ دڵنیاکردنەوەی لایەنە شیعەکان و هێورکردنەوەیان ئاماژەی بەوەدا، بۆردوومانەکە بەهەڵە بووە و لە ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی عێراق و ئەمریکا روویداوە.
لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزەکانی عێراق لە شارەدێی بەغدادی، فڕۆکەکانی ئەمریکا بە هەڵە ئەو هێزانەی عێراقییان بۆردوومانکرد، لە ئەنجامیشدا، 7 کەس کوژران و 11 ی دیکەش برینداربوون، لەنێو کوژراوەکانیشدا هەریەک لە بەڕێوەبەری شارەدێکە و بەڕێوەبەری پۆلیس هەن.
هەرچەندە شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق هۆکاری بۆردوومانەکەى بۆ نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان ئەو هێزانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق، کە خۆی و هێزەکەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن رایگەیاندووە، بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناحیەی بەغدادی پرسیاری زۆر لەبارەی مەترسی بوونی هێزەکانی ئەمریکا هەڵدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆردوومانەکە مەترسی ئەو رۆڵەی ئەمریکا لە عێراق دوای نەمانی داعش دەردەخات.
هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا نووسیویەتی، بۆردوومانەکەی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراقە و دەبێت ئەو هێزانەی ئەمریکا سزابدرێن، کە بوونەتە هۆکاری رووداوەکە.
لەلایەکی دیکەوە، حاکم زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، فڕین و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بێت. داوادەشدەکات، سنوورێک بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دابندرێت.
پێشتریش لە ئەنجامی پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان چەند جارێک بەهەڵە ئەو هێزانەی عێراق و تەنانەت خودی هاووڵاتیانیشیان بۆردوومانکردووە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەهۆی بۆردوومانەکانی هاوپەیمانان نزیکەی 801 هاووڵاتی سڤیل لە عێراق و سووریا کوژراون.
K24 -