عه‌بادی به‌ناوی "یاسا" حه‌شد له كه‌ركووك ده‌كاته خاوه‌ن ماڵ
به‌غدا پارچه زه‌وی ده‌داته كه‌سوكاری كوژراوانی حه‌شد و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی شه‌ڕیان دژی داعش كردووه، له كاتێكدا به‌گوێره‌ی یاسا، پێدانی زه‌وی ده‌بێت له شوێنی له‌دایكبوونی كه‌سه‌كه بێت نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ڵیبژێرێت له كوێ زه‌وییه‌كه وه‌ربگرێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پارچه زه‌وییه‌كیان داوه‌ته كه‌سووكاری كوژراوه‌كان، به‌ڵام به‌شی زۆریان له پارێزگاكه‌ی خۆیان نییه و له پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌راستی وڵات دابه‌ش نه‌كراوه كه زۆرینه‌یان خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ن، به‌ڵكو له پارێزگاكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق دابه‌شكراوه به‌سه‌ریاندا كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له ده‌ست چه‌كدارانی داعشیان ده‌رهێناوه پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ ساڵ جه‌نگه‌كه به‌رده‌وام بوو.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی عێراقی، محه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی، به‌رپرسی میلیشیای به‌در له كه‌ركووك له رێوڕه‌سمی دابه‌شكردنی كارتی زه‌وییه‌كاندا له كه‌ركووك گوویهتی: "كه‌ركووك بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانه، ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری كوژراوه‌كان و ئه‌ندامانی حه‌شد دابه‌ش ده‌كه‌ین".
به‌ڵام كه‌ركووك شارێك نییه ئه‌و هێزانه له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوو شه‌ڕیان دژی داعش تێدا كردبێت، به‌ڵكو رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقیان كردووه‌و هێزه‌كانی خۆیان له باشووری شاره‌كه كشانده‌وه كه ماوه‌ی زیاتر له 3 ساڵ له‌و پارێزگایه‌دا قوربانییاندا و دژی داعش جه‌نگان، كه‌چی میلیشیاكانی حه‌شد وه‌ك ئه‌و پارێزگایانه‌ی دیكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌ركووكیش ده‌كه‌ن كه له ده‌ست داعش ده‌ریانهێناوه.
چونكه ساڵی 2014كاتێك سوپای عێراق رایكرد و پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌ددین و كه‌ركووكیان جێهێشت، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رگریان له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه كرد، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شد و سوپای عێراق، ته‌نانه‌ت وێنه‌ی شه‌هیده‌كانی پێشمه‌رگه‌شیان له پارێزگاكه لێكرده‌وه‌و په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه‌شیان ته‌عریب كردووه‌و ئێستا هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه ده‌ده‌ن.
به‌رپرسێكی حكومه‌تی عێراقی به پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی سوپا، به‌گوێره‌ی پرۆگرامێكه حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه، ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ن له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق به‌رزده‌كرێته‌وه، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش داوا له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌كات بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكات و هه‌ر كه‌سه و پارچه زه‌وییه‌كی 250 مه‌تری چوارگۆشه‌یان پێبدات".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و ناوچانه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی زه‌ویان تێدا دابه‌ش ده‌كات، ده‌كه‌وێته پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین و نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك و پشتێنه‌ی به‌غدا و دیوی كه‌رخ له به‌غدا جگه له ناوچه‌ی نوخێب له پارێزگای ئه‌نبار".
له‌م دواییانه‌شدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی عێراق، له ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به ئه‌بو غرێب زه‌وی نیشته‌جێبوونی دابه‌شكردووه، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌رپرسێكی ناوخۆیی، ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییه‌كه‌یان پێدراوه ئه‌ندامی حزبوڵڵای عێراق بوون".
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی سامه‌ڕاش ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، 5 دۆنم له زه‌وییه كشتووكاڵییه‌كان كه ده‌وڵه‌ت خاوه‌نییه‌تی له باشووری سامه‌ڕا بۆ كه‌سوكاری كوژراوانی گرووپه جۆراوجۆره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دیاریكراوه، جگه له‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌فسه‌ره كوژراوه‌كانی پۆلیسی فیدراڵیشیان تێدایه كه له جه‌نگی داعشدا كوژراون، هه‌ر چه‌نده شوێنی له‌دایكبوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییه‌كه‌یان پێده‌درێ به‌له‌د و حله و كوته، بۆیه ئه‌و هه‌نگاوه بووه‌ته هۆی درووستكردنی ترس و نیگه‌رانی كه بۆچی له ناوچه‌كانی خۆیان زه‌وییان پێنه‌داون و هێنراونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌ی مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌ی دیكه‌یان تێدایه؟!".
جۆزیف سڵێوه، ئه‌ندام په‌رله‌مانیكی مه‌سحییه و بۆ پێگه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ئاشكراكردووه كه "هه‌وڵێكی ترسناك بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه مه‌سیحییه‌كان (كلدان و ئاشووری و سریانه‌كان)ـی ده‌شتی نه‌ینه‌وا هه‌یه، به‌داخه‌وه هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا ده‌ده‌ن له‌و ناوچانه‌دا، زه‌وی به‌سه‌ر چه‌كداره شه‌به‌كه شیعه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن له ناوچه‌ی مه‌سیحییه‌كاندا و له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا نایانده‌نێ، ئه‌وان زه‌وییه‌كانی خۆیان ده‌پارێزن و زه‌وی خه‌ڵكی دیكه بۆ خۆیان ده‌به‌ن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی مایه‌ی مه‌ترسییه له‌و پرسه‌یه‌دا له رێگای یاساوه ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن، یاسا ده‌قۆزنه‌وه و ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ داعش جیاوازیان نییه، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وانن، چونكه ئه‌وان پیلانگێڕی دژی پێكهاته‌كانی دیكه به‌ڕێوه ده‌به‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "بێگومان له‌باره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌وه قسه‌مان ده‌بێت و دژی ئه‌و پرۆژه پیسه ده‌وه‌ستینه‌وه تا ناوچه مێژووییه‌كانمان له گۆڕینی دیمۆگرافی بپارێزین".
محه‌مه‌د نووری عه‌به‌د، كه ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراقه گوتوویه‌تی: "خه‌ڵكی به‌سره ده‌بێت زه‌وی له به‌سره وه‌ربگرێت، خه‌ڵكی نه‌ینه‌وایش له نه‌ینه‌وا، بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت وابێت، ئه‌وه به ده‌ق له یاسادا هه‌یه، هه‌ر كه‌سێك له ناوچه و شاره‌كه‌ی خۆی زه‌وی ده‌درێتێ، نه‌ك شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئه‌وه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌یشه دژی داعش جه‌نگاون، یان به‌ده‌ستی داعش كوژراون".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هیوادارم نیازێكی خراپ و پیلانێك له پشت ئه‌و كارانه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه بارودۆخه‌كه به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕوات و ئه‌وانه پرۆژه‌یه‌كن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كان".
K24