ئێران: پێویسته‌ هێزه‌كانمان له‌ عێراق و سووریا بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ یه‌كێتی ئیسلام بكه‌ین

ئێران: پێویسته‌ هێزه‌كانمان له‌ عێراق و سووریا بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ یه‌كێتی ئیسلام بكه‌ین
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق و سووریا كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ یه‌كێتی ئیسلام بكه‌ن.

ئه‌و قسانه‌ی ویلایه‌تی له‌ گوتارێكدا هاتوون، كه‌ له‌دیداری "ئازادكردنی مزگه‌فتی ئه‌قسا ناونیشانی سه‌ركه‌وتنی میحوه‌ری به‌رگرییه‌" پێشكه‌شی كرد و گوتی: "به‌بێ ئێران ناتوانرێت پارێزگاری له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ بكرێت"، رونیشی كرده‌وه‌ "ئێران له‌هێڵی به‌رگریدایه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه‌، نه‌ رووسیا و نه‌هیچ وڵاتێكی دیكه‌ش نه‌یده‌وتوانی له‌ناوچه‌كه‌ كار بكات".

ویلایه‌تی له‌به‌رده‌وامی گوتاره‌كه‌یدا گوتی: "ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا هه‌وڵی گۆڕینی سنووری وڵاتان ده‌ده‌ن و، كار بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، رۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌تر درووست بكه‌ن، كه‌ سنووره‌كه‌ی بگاته‌ رووسیا و چین"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ناوچه‌ی رۆژئاوای ئاسیا به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و، پێویسته‌ زۆر چاوكراوه‌ بین و به‌ وردی چاودێری دۆخه‌كه‌ بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ئێران له‌بواری ئه‌منییه‌وه‌ پاشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت".

ویلایه‌تی له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ "هاوكارییه‌كانی تاران بۆ هه‌ریه‌ك له‌ عێراق، سووریا و لوبنان وه‌ك خۆپاراستنی به‌ر له‌ چاره‌سه‌ر وابوون"، گوتیشی "ئێران له‌ سووریا و عێراق شه‌ڕی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ تیۆره‌كانی دابه‌شبوون بپارێزێت".
k24 -
Top