مەولود چاوشئۆغلو: حەیدەر عەبادی ئامادەیی خۆی بۆ ھاوکاریکردنی ئێمە دەربڕیووە

مەولود چاوشئۆغلو: حەیدەر عەبادی ئامادەیی خۆی بۆ ھاوکاریکردنی ئێمە دەربڕیووە
مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەکۆبوونەوەیاندا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی ئۆپەراسیۆنی شەنگال-یان کردووەو ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی عێراق دەربڕیووە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی حورییەتی تورکی، مەولود چاوشئۆغلو رایگەیاند، "لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان لەسەر بوونی پەکەکە کردووە لە شەنگال، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەو ناوچەیە".

ئەو وتانەی چاوشئۆغلو دوای سەردانیکردنی ھات بۆ بەغدا-ی پایتەخت لە ٢١ی ئەم مانگەدا، کە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و ئیبراھیم جەعفەر وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.

چاوشئۆغلو ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی عێراق دەربڕیووە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شەنگال.

چاوشئۆغلو ئەوەشی خستەڕوو، "بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندووە کە جیاوازی پەکەکە و داعش نییە، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت سنووریان لەگەڵ سووریا بخنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و رێگای ھاتوچۆی نێوان پەکەکە و یەپەگە بپچڕێنن".

ھەرلەمیانی چاوپێکەوتنەکەدا چاوشئۆغلو ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ریکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوەو پێی راگەیاندووە، "ئەگەر ئەمەریکا ھەڕەشەکانی یەپەگە بۆسەر تورکیا لە مەنبەج رانەگرێت ئەوا خۆیان رایدەگرن".

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین-ەوە تیلەرسۆن بە چاوشئۆغلو-ی راگەیاندووە، "یەپەگە ھیچ تۆپبارانێکی بۆ ناو خاکی تورکیا ئەنجامنەداوە".

لەوەڵامدا چاوشئۆغلو بە ریکس تیلەرسۆن-ی وتووە، "تکایە بە زمانی یەپەگە لەگەڵمان قسە مەکە".

لە 20ی ئەم مانگەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر عەفرین دەستپێکردووەو دەیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بھێنێت لەو کانتۆنە.




خەندان
Top