ویلایه‌تی: ئه‌گه‌ر ئێران نه‌با داعش له‌ به‌غدا بوو

ویلایه‌تی: ئه‌گه‌ر ئێران نه‌با داعش له‌ به‌غدا بوو
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ره‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی رۆڵی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا هه‌بێت بۆ سه‌ر عه‌فرین.

ویلایه‌تی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێران نه‌بووایه‌، به‌غدا و دیمه‌شق و قه‌ته‌ڕ ده‌كه‌وتن و رووسیاش سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوو له‌ ناوچه‌كه‌ و نه‌یده‌توانی هیچ كارێك بكات.

ویلایه‌تی روونیده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كانی ئێران نه‌با، حكوومه‌تی سووریا له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌كه‌وت و داعشیش له‌ به‌غدا ده‌بوو.

هاوكات به‌رگری له‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئێران و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رگرییه‌ نه‌بێت، "سوپای داگیركاری ئیسرائیل" ئێستا له‌سه‌ر سنووری پارێزگاكانی كوردستان (سنه‌) و ئازه‌ربایجانی رۆژئاوای ده‌بوو، كه‌ دوو پارێزگای كوردیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانن.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "كه‌یهان"ی ئێرانی نزیك له‌ باڵی ئوسوڵگه‌راكان، ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ پلاندانان بۆ دابه‌شكردنی سووریا تۆمه‌تبار ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌یه‌كه‌ ناوی ئه‌و ناوچه‌یه له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ رۆژئاوای ئاسیا.

له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌وه‌، كه‌ رۆژنامه‌كه‌ به‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر خاكی سووریا وه‌سفیكردووه‌، ویلایه‌تی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران هیچ رۆڵێكی نییه‌ و پابه‌نده‌ به‌ رێبازی به‌رگریكارانه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌.




K24
Top