له باشوورى عێراق شانه‌یه‌كی سه‌ر به ڕێكخراوى "ئاڵا سپییه‌كان" ده‌ستگیر كرا
سه‌رچاوه‌یه‌ك له پۆلیسی پارێزگاى زیقار له باشوورى عێراق، ئاشكراى كرد، شانه‌یه‌كی سه‌ر به ڕێكخراوى "ئاڵا سپییه‌كان" له باكوورى شارى ناسڕییه له شارى غه‌ڕاف، ده‌ستگیر كران.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له پۆلیسی زیقار، به ماڵپه‌رى (فورات)ى سه‌ر به ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامی له عێراقی ڕاگه‌یاندووه:"هێزه ئه‌منییه‌كان توانییان 3 كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن كه ئه‌ندامى شانه‌یه‌كی 7 كه‌سیی ڕێكخراوى "ئاڵا سپییه‌كان"ن".
ڕێكخراوى "ئاڵا سپییه‌كان"، گرووپێكن له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 له سنوورى خورماتوو ده‌ركه‌وتن و گومان ده‌كرێت، ڕێكخراوێكى توندڕه‌وى هاوشێوه‌ى داعش بن.
سه‌رچاوه‌كه ڕوونیشیكرده‌وه، كه پێشتر ئه‌و شانه‌یه دروشمیان له‌سه‌ر یه‌كێك له مزگه‌وته‌كانى شارى غه‌ڕاف نووسیوه و بوونى ڕێكخراوه‌كه‌یان له‌و شاره ڕاگه‌یاندووه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هێزه ئه‌منییه‌كان به‌دواى ئه‌ندامه‌كانى تر‌ى شانه‌كه‌ن، كه یه‌كێكیان له شارى مووسڵ چه‌كدارى داعش بووه".
لاى خۆیه‌وه، عه‌بوود زێدان، قائیمقامى شارى غه‌ڕاف له پارێزگاى زیقار ڕای گه‌یاندووه: "پێشتر لایه‌نه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانمان ڕاسپارد به‌دواى ئه‌ندامانى ئه‌و شانه‌یه‌دا بگه‌ڕێن كه هه‌ستاون به‌نووسینی دروشمه‌كان".
به‌پێی زانیارییه‌كانى قائیمقامى غه‌ڕاف، سه‌ره‌تا یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كان ده‌ستگیر كراوه و دانى به دوو كه‌سه‌كه‌ى تردا ناوه، كه دانیشتووى شاره‌كه‌ن و عه‌ره‌بن.
bas news-