سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانیی تورکیا، ئۆپەراسیۆنی وشکانیی بۆ عەفرین بەرپا کرد

 	 سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانیی تورکیا، ئۆپەراسیۆنی وشکانیی بۆ عەفرین بەرپا کرد
سوپای سووریای ئازاد بە پشتیوانیی هێزەکانی سوپای تورکیا، "ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی" بۆ ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان بەرپا کرد. هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، ئۆباڵی هێرش و کوشتار لەو شارە دەخاتە ئەستۆی تورکیا و ڕووسیاوە.

ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، لە میانی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون، یەکەکانی سوپای سووریای ئازاد کە لە لایەن سوپای تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، چوونەتە ناو خاکی عەفرین.
سەعات ١٧:٠٠ـی دوێنێ شەممە، سوپای تورکیا دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنەکە و رایگەیاند کە لە حەوت ناوچە ١٠٨ ئامانجی "پەیەدە/پەکەکەیان" لە کۆی ١١٣ ئامانج پێکاوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات کە کورد پێکهێنەری سەرەکییەتی و لە لایەن هاوپەیمانەتیی نێودەوڵتییەوە پشتیوانی دەکرێ، لە ڕاگەیێنداوێکیدا دەڵێ، بۆردوومانەکانی تورکیا زیاتر لە ١٠٠شوێنیان کردوونەتە ئامانج، دەشڵێ "تورکیای داگیرکار لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی و زەوینییەوە دەیەوێ خەڵکی ناوچەکە جێ بهێڵن بەر لەوەی هێزەکانیان بەرەو عەفرین بێن."
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هەروەها هوتووە، "باش دەزانین کە بۆردوومانەکانی تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام نادرێ لە سەروویانەوە ڕووسیا، هەربۆیە ئۆباڵی ئەو هێرش و کوشتارە دەخەینە ئەستۆی تورکیا و ڕووسیا."
kdp -
Top