بە دەنگدانی نھێنی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کراوە
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "بەشێک لە پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانی نیشتمانی بەشێوەیەکی نافەرمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیان کردووە و لە دانیشتنەکەی دوێنێشدا بە دەنگدانی نھێنێ داوای ئەوە کراوە کە ھەڵبژاردنەکان بۆ ماوەى 6 مانگ دوابخرێت".
ڕوونیشی کردەوە تێکدانی باڵانسی ھێزە سیاسییەکان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بکەن، چونکە قەوارە سیاسیەکانی پەرلەمانی عێراق بەھۆی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانەوە، دەیانەوێ کارتەکانی خۆیان بەھێز بکەن.
هەروەها گوتی ھیچ لایەنێکی سیاسی بە پێکھاتەی شیعە و سونەشەوە ناتوانن لەناو ھۆڵی پەرلەماندا بەئاشکرا داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام ئەگەر دەنگدانی ئاشکرا بکرێت، ئەوکاتە بەھۆی ترسی شەقامەوە دەنگ بەوە دەدەن کە ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش دا كە لەناو ھەموو پێکھاتە کوردستانییەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەنی سیاسییە کە ھەڵوێستی خۆی بەفەرمی ڕاگەیاندووە و داوای کردووە بەپێی دەستوور ڕۆژی ١٢⁄٥⁄٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
bas news -