وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لێدوانێکی عەبادی رەت دەکاتەوە

 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لێدوانێکی عەبادی رەت دەکاتەوە
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، کە هێشتا رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە.



خاتوو ڤۆن دێر لاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئوردن، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، نابێ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پشت لە شەڕی ئەو رێکخراوە بکات و رێگا بدات داعش بگاتە ناوچەیەکی دیکە.



ڤۆن دێر لاین هەروەها رایگەیاندووە، داعش لە رووی سەربازییەوە تاڕاددەیەکی زۆر شکستی هێناوە، بەڵام چەکدار و گرووپی ماوە و ”نابێ بە کەمیان بگرین“.



ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کاتێک دایە، رۆژی 10.12.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە داعش بە یەکجاری لە عێراق کۆتایی پێ هات و لەناوبرا.



ئەڵمانیا یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە ناردنی هاوکاریی سەربازی و مەشقکردن، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە دژی هێرشی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، جگە لە بۆردومانکردنی ئاسمانیی بمکە و بارەگا چەکدارییەکانی داعش.






باسنیوز
Top