نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی ”هەڵبژاردنێکی بێ گەرد“ لە عێراق دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی ”هەڵبژاردنێکی بێ گەرد“ لە عێراق دەکات
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە پشتگیریی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ”بێ گەرد“ لە عێراق دەکات.



بەپێی بەیاننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، رۆژانی 12 و 13.1.2018 لە سلێمانی، نەتەوە یەکگرتووەکان وۆرکشۆپ (سەکۆیکاری)ییەکی بۆ کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەرپرسانی حکوومەت، ساز کردووە.



لە وۆرکشۆپەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی هاوکاریکردنی کۆمسیۆنی داوە بۆ ئەنجامدانی ”هەڵبژاردنێکی کاریگەر و بێ گەرد“، کە بتوانێ متمانەی ”دەنگدەری عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی“، بەدەست بهێنێت.



بڕیارە رۆژی 12ـی ئایاری 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سەرجەم شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوە بچێت.



دەقی بەیاننامەکە:



لەسەکۆیکارێکی ھەڵبژاردندا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دڵنیایی خۆی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد نیشان دا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڵێنی یارمەتیی تەکنیکیی زیاتری دا



سلێمانی ، عیراق، ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٨:- ھەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان روبەڕووی چەندان ئاڵنکار (تەحەددی) بووەتەوە بەڵام توانای زاڵبوونی بەسەر ئەو گرفتەکاندا ھەیە و لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردیش لە کاتی خۆیدا لە ١٢ مانگی ئایاری داھاتوودا دڵنیایە. لەلایەکی ترەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی درێژەدانی بە یارمەتییە تەکنیکییەکانی دا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی کاریگەر و بێگەرد کە بتوانێت متمانەی دەنگدەرانی عیراق و سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بھێنێت.



لە سەکۆیکارێکی دوو رۆژەدا لە سلێمانی لە رۆژانی ١٢-١٢ی ئەم مانگەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی درێژەدانی بە پشتگیرییەکانی دا بەمەبەستی خستنەڕووی ئامادەکارییەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا بۆ ئەو ھەڵبژادنەی کە بڕیارە لە ١٢ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. لە سەکۆیکارەکەدا، کە بەسەرپەرشتی تەواوی "دەستەی کۆمیساران" ئەنجامدرابوو، بەرپرسەکانی "کۆمیسیۆن" لەسەر ئاستی نیشتمانی و مەیدانی ئامادەی بووون بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی وەک بەکارھێنانی تەکنولۆژی تازە و بەشداریی گشتگرانەی ئاوارە ناوخۆییەکان و دەنگدانی تایبەت و ناساندنی پرۆسەکە و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەڵبژاردن. ھەر لەو سەکۆیکارەدا، بەرپرسانی حکومیش داواکاریی تەکنیکی و ئیداری خۆیان لەروانگەی خۆیانەوە خستەڕوو . "دەستەی کۆمیساران"و بەڕێوەبەرکانیش لەسەر ئاستی نیشتمانیدا پلان و کاتبەندی خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەی گرفتەکان لە دیدی نیشتمانییەوە پێشکەش کرد.



لەبەر رۆشنایی گرنگیی سەکۆیکارەکە لە بەرەوپێشبردنی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن و ھەستیاریی پرسە تاوتوێکراوەکاندا ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان داوای ئامادەبوون و سەرنجی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد. ئەوان دیدو بوچوونی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاڵوگۆڕ کرد کە لە سەکۆیکارەکە ئامادەبوون وەک خاتو ئالیس وۆلپۆلی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و ھەڵبژاردن لە عیراق و گەورە تیمی نوسینگەی یارمەتیی ھەڵبژاردنی یونامی.



لە وتەکەیدا بۆ ئامادەبووان، بەڕێز ریاز ئەلبەدرانی گەورە بەرپرسی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆن وتی "کۆمیسیۆن بڕیاری شێلگیرانە و توانای تەکنیکی و لۆجیستی و بەڕێوەبردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی لە کاتی خۆیدا ھەیە".



وێڕای وەبیرھێنانەوەی ئامادەبووان لە ئەزموونی تاڵی کۆمیسیۆن لە رابردوودا و دووپاتکردنەوەی ھەمان متمانەبەخۆبوون ، بەرپرسی دەستەی کۆمیساران، بەڕێز مەعان ئەلھەیتاوی، وتی "بەڵام ئێمە ئێستا دەتوانین ھەلومەرجی وا بڕەخسێنین کە بتوانین ھەڵبژاردنێکی سەرکەتوو ئەنجام بدەین". ئەو ھەروەھا داوای پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی دەکرد لە جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی کە پێشتر پێشکەش بە "لێژنەی ھەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان" کرابوون.



لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پابەندی و پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژادنێکی پاک و بێگەرد لە کاتی خۆیدا، خاتو وۆلپۆل وتی "تیمی شارەزایانی تەکنیکی ئێمە لە ئامادەباشیدایە بۆ پشتگیریکردن و یارمەتیدانی ئێوە".



خاتوونەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر وتی "بەرپرسیاریی لەسەر شانی کۆمیسیۆنە و رۆڵی ئێوەش لە ئەنجامدانی ھەڵبژادنێکی متمانەدار لەوپەڕی گرنگیدایە . دەنگدەران و سیاسییەکانی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاویان لەسەر کۆمیسیۆنە و متمانە و باوەڕیشیان بە ئێوە بڕیاردەری قبۆڵکردنیانە بۆ ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان. کاری سەرەکی کۆمیسیۆن نیشاندانی ئامادەباشییە بۆ ئەنجامدانی بەڕێوەبردنێکی رێکوپێک بەگوێرەی ئەم کاتبەندییەی ئێستا".



خاتونی جێگر متمانەی خۆی بە کۆمیسیۆن خستەڕوو سەرەڕای گرفتە زەقەکان و ئاماژەشی بە تۆماری سەرکەوتووانەی عیراق کرد لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە دۆخی دژواردا لە رابردوودا وەک ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ سەرەڕای ھەبوونی ئەوکاتەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام ) لەچەند ناوچەیەکی وڵاتدا. ئەو ھەروەھا دووپاتی گرنگیی پلانیشی کردەوە بۆ ھەموو ئەگەرێکی نەخوازراو لەرێگەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پێشوەختەی دەنگدان لەسەر تاسەری وڵاتدا پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی راستەقینە بۆ خۆدوورگرتن لە ھەر جۆرە کێشە و گرفتێک لە رۆژی ھەڵبژاردندا.



لای خۆشییەوە، بەرپرسی نوسینگەی یارمەتیی ھەڵبژاردن، بەڕێز ئامیر ئاریان، ئامادەیی نەتەوە یەکگرتوەکانی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکی کۆمسیۆن سەبارەت بە پاڵپشتیی تەکنیکیی زیاتر نیشاندا و وتیشی کە ھەندێ لە گرفتەکانی ئەمساڵ بریتین لە دابینکردنی ھەژمارکردنی بێخەوشی ئەلیکترۆنی و راگەیاندنی ئەنجامەکان لە یەک رۆژدا و دابینکردنی ئاسایشی پرۆسەکە بەتایبەتیش ئاسایشی سۆفتوێر و گواستنەوە.




باسنیوز
Top