داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مووسڵ و زنجیره‌یه‌ك كردارى كوشتن ئه‌نجام ده‌دات

 داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مووسڵ و زنجیره‌یه‌ك كردارى كوشتن ئه‌نجام ده‌دات
ڕۆژنامه‌ى (قودسى عه‌ره‌بى) له‌ ڕاپۆرتێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12/ 1/ 2018 بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاشكراى ده‌كات، ڕێكخراوى توندڕه‌وى داعش، له‌ سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌ستی به‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانى كردووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك موختار و سه‌رباز و ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى كوشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ش داوا ده‌كرێت، بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان دۆسیه‌ی ئه‌منیی پارێزگاكه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن.

ڕۆژنامه‌كه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا، به‌تایبه‌تى شارى مووسڵ، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى داعشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و زنجیره‌یه‌ك تاوانى كوشتن ئه‌نجام دراوه‌، به‌تایبه‌ت كوشتنى موختاره‌كان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ به‌رى چه‌پى شاره‌كه‌، دوو موختار كوژران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نماشێكى سه‌ربازیی داعش له‌ خۆرئاواى پارێزگاكه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ زارى چالاكوانه‌ میدیاییه‌كانه‌وه‌ له‌ شارى مووسڵ، ئاشكراى كردووه‌، كه‌: "موختارى گه‌ڕه‌كى ئینتیساڕ له‌ 7ى كانوونى دووه‌م كوژرا، له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك دوو سه‌رباز كوژران، هاوكات له‌ گه‌ڕه‌كى سۆمه‌ر دوو ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستى چه‌كدارانى داعش كوژران".

هه‌روه‌ها موختارى ڕه‌شیدییه‌ له‌ ڕۆژى دواتردا له‌سه‌ر ده‌ستى چه‌كدارانى داعش له‌ گه‌ڕه‌كى عه‌ره‌بیى نزیك له‌ ڕه‌شیدییه‌، كوژرا.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زارى مه‌زاحم حویت، گوته‌بێژى عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانى پارێزگاكه‌، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان دۆسیه‌ی ئه‌منى نه‌ینه‌وا به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن.









باسنيوز
Top