عه‌بادى تائێستا لیستى هه‌ڵبژاردنى نییه‌ و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان

عه‌بادى تائێستا لیستى هه‌ڵبژاردنى نییه‌ و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان

كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ماوه‌ى تۆماركردنى هاوپه‌یمانێتییه‌كان تا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ درێژ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بڕیار بوو له‌ كاتژمێر 4:00 ده‌رگا دابخات، به‌ڵام به‌هۆى "عه‌بادی"یه‌وه‌، پێده‌چێت ماوه‌كه‌ تا هه‌فته‌ى داهاتوو، درێژ بكرێته‌وه‌.



سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ڕایگه‌یاند: "فشارێكى زۆر له‌سه‌ر كۆمسیۆن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى تۆماركردنى هاوپه‌یمانێتییه‌كان، بۆ زیاتر له‌ ڕۆژێك درێژ بكرێته‌وه‌".


ڕوونیكرده‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی، كۆمسیۆن ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ ماوه‌كه‌ تا كاتژمێر 7:00ى ئه‌مشه‌و درێژ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌دووریش نازانرێت ماوه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر درێژ بكرێته‌وه‌: "پێده‌چێت تا یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو بێت".



ئاشكراشی كرد، كه‌ تا ئێستا "حه‌یده‌ر عه‌بادى" سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، لیستى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردن تۆمار نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى قه‌واره‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كه‌ركووك تائێستا خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌.



به‌پێی زانیارییه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، كێشمه‌كێش له‌نێو حزبى ده‌عوه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیكردنى لیسته‌كه‌ له‌نێوان (نوورى مالیكی) و (حه‌یده‌رعه‌بادى) دروست بووه‌، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ماڵپه‌رى (شه‌فه‌ق نیوز) پێده‌چێت، سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بۆ سه‌رۆكى حزبه‌كه‌، یه‌كلایی ببێته‌وه‌.



سه‌رچاوه‌كانى نێو حزبى ده‌عوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، نوورى مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ دوو لیستى جیا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى پَویسته‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌موار بكرێته‌وه‌.
bas news-
Top