ژنە نووسەرێکی جیهانی: حەیدەر عەبادی دیکتاتۆرە
خاتوو رێیچڵ ئەڤراهام، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی لە وتارێکدا رایگەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەک سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکەی، ”یەکێکی دیکەیە لە کەسە تائیفی و مەزهەبییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران“.
رێیچڵ ئەڤراهام هەروەها رایگەیاندووە، دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی حەیدەر عەبادی شاری کەرکووک و دەوروبەریان داگیر کرد، خەڵکێکی زۆر رفێندراون و بە کۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر کوردەکان، جگە لە سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی کوردان لەو سنوورە و ئاوارەبوونی زیاتر لە 180 هەزار هاووڵاتی.
ئەو نووسەرە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان، بڕینی بەشەبودجەی کوردستان بە تەواوی و هاوکاری نەکردنی قوربانییانی بوومەلەرزەی کوردستان و پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، نیشانەیەکی روونی دیکتاتۆرییەتی عەبادییە.
خاتوو رێیچڵ ئەڤراهام رەخنە لە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گۆڤاری (فۆرێین پۆلیسی) بە بیرمەندی جیهانی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەرکردەیەک خەڵکی وڵاتەکەی پشتگوێ بخات لە پێناوی ئامانجێکی سیاسی، دیکتاتۆرە نەک بیرمەند.
ئەو ژنە نووسەرە ئاماژەی بە وتاری حەیدەر عەبادی دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانەوە کردووە و رایگەیاندووە، عەبادی داگیرکردنی کەرکووکی بە سەرکەوتنێکی هاوشێوەی سەرکەوتن بەسەر داعشدا ناو بردووە، لەکاتێکدا پێشمەرگە زیاتر لە 1800 شەهیدی لە شەڕی دژی داعش داوە، جگە لە زیاتر لە 10 هەزار بریندار، کە ”عەبادی هیچ رێزێکی بۆ ئەو قوربانیدانە دانەنا و هەڵوێستەکەی زۆر تاکرەوییانە و مەزهەبییانە بوو“.
رێیچڵ ئەڤراهام ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ”مافێکی دیموکراسی“ی گەلی کوردستان دادەنێت و رایدەگەیەنێت، حەیدەر عەبادی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل دەکات، گەمارۆی ئابووری و ئاسمانی خستوونەتە سەر، دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە و هەوڵی زیادکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق دەکات.
هەروەک نووسەرەکە باسی کردووە، عەبادی لەڕێی میلیشیاکانەوە دەستی بە هەڵمەتێکی پاکتاوی رەگەزی (جینۆسایدکردن)ی گەلی کوردستان کردووە و هاوشێوەی داعش هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، بۆیە ”عەبادی لە داعش باشتر نییە“.
باسنيوز