كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن: حه‌شدى شه‌عبى بۆیان نییه‌ به‌شدارى ده‌نگدانى تایبه‌ت بكه‌ن

كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن: حه‌شدى شه‌عبى بۆیان نییه‌ به‌شدارى ده‌نگدانى تایبه‌ت بكه‌ن

سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/ 1/ 2018 ڕای گه‌یاند، ئه‌ندامانى حه‌شدى شه‌عبى مافیان نییه‌ له‌ده‌نگدانى تایبه‌تدا هاوشانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى تر، به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.


معه‌ن هیتاوى، سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق، ڕایگه‌یاند: "سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى حه‌شدى شه‌عبى ناویان له‌لیستى ده‌نگدانى گشتیی دایه‌ و ناكرێت ڕێگه‌یان پێبدرێت به‌شدارى ده‌نگدانى تایبه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ داتاى ئه‌ندامانى حه‌شدى شه‌عبى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌".



ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ داتاكانى ده‌نگدانى تایبه‌ت جیاوازه‌ له‌ ده‌نگدانى گشتیی و كارتى ده‌نگدانه‌كه‌شیان جیاوازى هه‌یه‌، گوتیشی: "به‌هۆكارى ئه‌منی و ته‌كنیكی، ناكرێت ده‌نگدانى گشتیى و تایبه‌ت له‌یه‌ك كاتدا بكرێت".


هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ كۆمسیۆن تائێستا سكاڵاى له‌باره‌ى كڕینی كارتى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، گوتیشی: "كۆمسیۆن ده‌توانێت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان پێش ناردنى بۆ ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان، به‌ نوێنه‌رى قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بدات".


پێشتر، سه‌رۆكى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن ڕایگه‌یاند، پێویستییان به‌ 296 ملیار دیناره‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌واده‌ى خۆیدا ئه‌نجام بدات.
bas news-
Top