میلیشیا چەكدارەكان ئاسایشی بەغدا دەشێوێنن
بەگوێرەی ئاماری دەزگا ئەمنیەكانی بەغدا، تەنها لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار تاوان ئەنجام دراون، كە بریتی بوون لە كوشتن، دزی، هێرشی چەكداری، دەستدرێژی، بازرگانی مادەی هۆشبەر و بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ.
سەرچاوە ئاگەدارەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم تاوانانە دەرەنجامی هەبوونی چەندین میلیشیای چەكداریی جیاوازن لە شارەكەدا، كە هەریەك لە لایەكەوە دەستیان بەسەر بەشێكی بەغدادا گرتووە، سەرباری دەست بەسەرداگرتنی دەزگا فەرمیەكانی دەوڵەت و بەسەردا سەپاندنی هەژموونی میلیشیاكان.
ڕێژەی تاوانەكانی مانگی رابردوو لە بەغدا تۆمار كراون، بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی 2016دا، 40٪ زیادی كردووە، میدیاكانی عێراق لەمبارەیەوە ڕەخنەی توند لە هێزە ئەمنیەكانی شارەكە دەگرن، بەوەی نەك نەیانتوانی ئاسایشی بەغدا لە دوای نەمانی داعش باشتر بكەن، بەڵكو تا رادەیەكی زۆر خراپ بووە و هیچ بەرپرسێكی حكوومەتیش راشكاونە باسی لە هۆكارەكان و چارەسەركردنی نەكردووە.
ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی خراپبوونی ئاسایشی عێراق بە گشتی لە دوای نەمانی داعش بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە كە خراپبوونی ئاسایشی بەغدا لە كاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران ماوەیەكە شاگەشكەی خۆشی نەمانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، كەچی لە ماوەی هەمان مانگی رابردوودا شانە خەوتووەكانی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستیە لە چەندین ناوچەی سنووری و لەنێو شارەكانی وەكو كەركووك و شارۆچكەی حەویجە و شاری دیالە هێرشی بەردەوام دەكەنە سەر هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
رۆژنامەكە نووسیویەتی زۆربەی تاوانبارەكانی بەشداری لە تاوانەكانی بەغدا دەكەن تەمەنیان لە نێوان 16 و 25 ساڵدایە، واتە نەوەی نوێی ئەم شارەن، كە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئێستەدا پەروەردە بوون.
بە گوێرەی رۆژنامەكە، تا پێش مانگێك هەفتانە زیاتر لە 100 تاوانی ڕێكخراو لە بەغدا ئەنجام دەدرا، بەڵام لە مانگی رابردوودا ئەم ڕێژەیە بەرزتر بووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێ لە ساڵی نوێدا حكوومەتی عەبادی ڕووبەڕووی هەڕەشەی نوێ ببێتەوە.
باسنيوز