حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ ڕێككه‌وتنیان فراوانتر ده‌كه‌ن

حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ ڕێككه‌وتنیان فراوانتر ده‌كه‌ن
فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت، به‌ فروانتركردنی ڕێككه‌وتنی نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌دا، سنووره‌كانی عێراق و سووریا باشتر ده‌پارێزن.

لێدوانی (قاسم موسلیح) فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگای ئه‌نبار، پاش ئه‌وه‌یه‌ كه‌، له‌ سێ ڕۆژی رابردوودا چه‌ندان جار له‌و سنووره‌ی نێوان عێراق و سووریادا، ته‌قه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی كراوه‌ و، وه‌ك ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شد ده‌ڵێ، ''ڕێ له‌ هه‌ر جموجۆڵێكی چه‌كداریی نایاسایی ده‌گرین.''
هه‌ڵبه‌ته‌ هێشتا ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ داخۆ، ته‌قه‌كان له‌ لایه‌ن پاشماوه‌كانی داعشه‌وه‌ بووبێ كه‌ پاش شكستی گه‌وره‌یان له‌و دوو ولاته‌ بیانه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی شه‌ڕی پارتیزانییه‌وه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بكه‌نه‌ ئامانج.

(قاسم موسلیح) به‌ ڕۆیته‌رزی گوتووه‌، چه‌ند جارێك مۆڵگه‌كانی پاسه‌وانی سنوور به‌ مووشه‌ك كراونه‌ته‌ ئامانج، بۆیه‌ بڕیار درا یه‌كه‌كانی لیوای ١٣ی حه‌شدی شه‌عبی بچنه‌ سه‌ر سنوور و سه‌رچاوه‌كانی مووشه‌كه‌كان بكه‌نه‌ ئامانج.

زۆرینه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ لایه‌ن وڵاتی ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێ، له‌ ڕووكه‌شدا له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقدان، به‌ڵام له‌ واقیعدا جیاوازن له‌ هێزه‌ فه‌رمییه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق.
سوننه‌ و كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌ داعش ته‌واو بوو و كاتی ئه‌وه‌یه‌ چه‌ك له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابماڵرێ، چونكه‌ تاوانی زۆریان له‌ ناوچه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ ئه‌نجام داون و به‌رپرسن له‌ پێشێلكارییه‌كان.

حه‌قیقه‌تی ڕێككه‌وتنی نێوان حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌، ئه‌وكاته‌ به‌ فه‌رمی ئاشكرا بوو، كه‌ چه‌كه‌دارانی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری شنگال به‌گوێره‌ی ڕێنماییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ مووچه‌یه‌كی باش، له‌ خزمه‌ت ئه‌جێندای حه‌شدی شه‌عبی ئه‌ركه‌كانیان به‌جێده‌گه‌یاند.
هێزی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه‌)، هێزی چه‌كداری پارتی یه‌كێتیی دیموكراتی(په‌یه‌ده‌)ی باڵی سیاسیی په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان.
kdp -
Top