جۆن مه‌كین: عه‌بادی ناتوانێت رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌

جۆن مه‌كین: عه‌بادی ناتوانێت رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌
زه‌كی عه‌بدولحه‌مید به‌یاتی، سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی و نزیك له‌ كۆشكی سپی، له‌ زاری جۆن مه‌كین سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی گواستیه‌وه‌، عه‌بادی توانای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكارانی عێراقی نییه‌.

وه‌ك له‌ میدیاكانی عێراقی بڵاوكرایه‌وه‌، به‌گوێره‌ی به‌یاتی، مه‌كین جه‌ختی كردۆته‌وه‌، خودی عه‌بادیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ توانای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نییه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌لی عێراقدا هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌لی عێراقدا تێوه‌ گلاون، هه‌مان ئه‌و به‌رپرس و سه‌ركرده‌ سیاسیانه‌ن، كه‌ پشكی له‌ 20% نه‌وتی عێراقیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان قۆرخ كردووه‌، وێڕای به‌هێزی و فراوانی هه‌ژموونی ئه‌و به‌رپرسانه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عێراق.

ئه‌م لێدوانه‌ی مه‌كین له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌یه‌كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی دژی گه‌نده‌ڵی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ هه‌نگاوێك له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌نراوه‌، هاوكات‌ به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان، رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی زۆر له‌ شه‌ڕی داعش سه‌ختتره‌، له‌كاتێكدا چه‌ندین وڵات له‌ شه‌ڕی دژی ئه‌و رێكخراوه‌دا هاوكاری عێراقیان كردووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ عه‌بادی به‌ته‌نیایه‌ و دشڵێن، عه‌بادی ناتوانێت ئه‌و كاره‌ بكات و گه‌رمكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ش، ته‌نیا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌.

زه‌كی عه‌بدولحه‌مید به‌یاتی سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقییه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه چووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا.
k24 -
Top