فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی: بوونی ھەژاری لە عێراق درۆیە

فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی: بوونی ھەژاری لە عێراق درۆیە
فەرماندەی گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، لە عێراقدا کەس ھەژار نییە و بوونی هەژاری ”درۆیە“.



ھادی عامری، فەرماندەی گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سەرۆکی میلیشیای بەدر لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی وڵاتەکەیدا، رایگەیاندووە، ھیچ وڵاتێک لە جیھاندا، ”وەک عێراق مووچە بە خەڵک نادات“.



ھادی عامری رەتی کردووەتەوە ھیچ کەسێکی ھەژار ھەبێ لە عێراق و رایگەیاندووە، ”بوونی ھەژاری لە عێراقدا درۆیە“ و نموونەی بەوە ھێناوەتەوە، کە لە عێراقدا خزمەتگوزاریی تەندروستی، خوێندن، خواردن (بایەع)، کارەبا و ئاو بەخۆڕایی بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکرێت.



ئەو گوتانەی ھادی عامری لەکاتێک دایە، کە بەھۆی گەندەڵیی زۆر و شەڕە زۆرەکانی عێراق، بەشێکی زۆری خەڵکەکە لە بارودۆخێکی زۆر سەختی ئابووریدا دەژین.



ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عێراق، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا یەکجار بەرزە، هەروەک لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2016، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رێژەی ھەژاری لە عێراقدا گەیشتووەتە %30ی دانیشتووان.



باسنیوز
Top