عەللاوی و جبووری: پێویستە بەپەلە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن

عەللاوی و جبووری: پێویستە بەپەلە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن
ئەیاد عەللاوی و سەلیم جبووری جەخت لە چارەسەرکردنی بەپەلەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە.

رۆژی شەممە 16-12-2017 ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق و سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە.

بەپێی راگەیێندراوی فەرمی، هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی "پێویستە دامەزراوەی یاسادانان لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆمار هەوڵبدەن بە ئامانجی چارەسەری بەپەلەی ئەو کێشەیە".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێڕەوی کاری یاسادانان لە قۆناخی رابردوو گفتوگۆی لەسەرکرا و جەخت لەوەکرایەوە، کە پێویستە لە یەکلاکردنەوەی یاساکاندا بەرژەوەندی باڵا بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی دیکە، دوور لە بە سیاسیکردن و بەرژەوەندی حیزبی بەتایبەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە.

عەللاوی جەختیکردووەتەوە، پێویستە یاساکان لە بەرژەوەندی نیشتمان و هاووڵاتییان دابنرێن و لەسەرووی بەرژەوەندی حیزبی یاخود بۆ بەشێک بێت.
rudaw -
Top