میدیاكانى نزیك له‌ حه‌شدى شه‌عبى عه‌بادى به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌

 میدیاكانى نزیك له‌ حه‌شدى شه‌عبى عه‌بادى به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارێزگاى دیاله‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10/ 12/ 2017 هه‌واڵى سه‌ركه‌وتنى كۆتایی به‌سه‌ر داعش كه‌ عه‌بادى ڕای گه‌یاند، به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌ و ڕای گه‌یاند، گروپێكى سه‌ر به‌ داعش كه‌ به‌ "شانه‌ى سه‌ربڕ" ناسراوبوون و پێشتر له‌ باخه‌كانى (شاره‌بان) بوون، په‌ناگه‌كه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پاریزگاى دیاله‌ به‌ ماڵپه‌رى (غه‌د پرێس)ى نزیك له‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى ڕاگه‌یاند: "شانه‌ى (ئوسامه‌ سه‌ربڕ)ى سه‌ر به‌ داعش، كه‌ باخه‌كانى شارۆچكه‌ى شاره‌بانیان له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى دیاله‌ كردبووه‌ په‌ناگه‌ و مۆڵگه‌ بۆ خۆیان، په‌ناگه‌كه‌یان گواسته‌وه‌".

به‌پێی زانیارییه‌كانى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، گروپه‌كه‌ى سه‌ر به‌داعش، مۆڵگه‌كه‌یان بۆ ناوچه‌ى حه‌وزى نه‌دا له‌ نزیك شارۆچكه‌ى مه‌نده‌لى گواستووه‌ته‌وه‌.

پێشتر ئه‌و گروپه‌، چه‌ندین كرده‌وه‌ی توندوتیژییان له‌ ناوچه‌ى "ڕووبارى ئیمام" له‌ شاره‌بان ئه‌نجام داوه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ میدیاكانى نزیك حه‌شدى شه‌عبى، له‌هه‌مان ڕۆژدا دێت كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، تێیدا بۆ دووه‌م جاره‌ سه‌ركه‌وتنى ته‌واوه‌تى به‌سه‌ر داعشدا ڕاده‌گه‌یه‌نێت.









باسنيوز
Top