باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاووڵاتیانی له‌ عێراق: ئاگاداری خۆتان بن نه‌وه‌ك هێرشتان بكرێته‌ سه‌ر

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاووڵاتیانی له‌ عێراق: ئاگاداری خۆتان بن نه‌وه‌ك هێرشتان بكرێته‌ سه‌ر
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له‌نامه‌یه‌كی هۆشداریدا داوا له‌ هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی له‌ به‌غدا ده‌كات، ئاگاداری خۆیان بن.

له‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌ "له‌ئێستادا باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رقاڵی توندكردنی رێوشوێنی قه‌ده‌غه‌كردنی جموجووڵی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ به‌غدا، چ له‌ ناوچه‌ی سه‌وز بێت یاخۆد هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ى ئه‌و شاره‌، نه‌وه‌ك له‌ ئه‌نجامی دانپێدانانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان به‌ ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، له‌لایه‌ن به‌رهه‌ڵستكارانی ئه‌و بڕیاره‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ عێراق".

به‌یاننامه‌كه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "تا ئه‌و كاته‌ی له‌عێراق ده‌مێننه‌وه‌، پێویسته‌ هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی زۆر له‌پێشان چاوكراوه‌تر بن و رێوشوێنی تایبه‌ت به‌ پاراستن و به‌هێزكردنی ئاسایشی خۆیان بگرنه‌ به‌ر".

دوای دانپێدانانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان ده‌می هه‌ره‌شه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و زۆرێك له‌ هێزه‌كان داوای داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ كردووه. له‌ دوا لێدوانیشدا، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی سه‌ركرده‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و گوته‌بێژی پێشووی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌توندی وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ینه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی فه‌رمانی مه‌رجه‌عی باڵاین بۆ هێرشكردن.
k24 -
Top