سەرکردەیەکی سەر بە مالیکی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات
سەعد مەتڵەبی، ئەندامی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، کە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی شاری ئۆرشەلیم (قودس)ـەوە ”ئاژاوەی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دروست دەکات.
سەعد مەتڵەبی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە توندوتیژی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجام دەدرێت و رایگەیاندووە، ”ئەنجامدانی کردەی توندوتژی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، پێشبینی کراوە“.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردەیەکی سەر بە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات و پێشتر هەڕەشەی دەرکردنی کوردانی فەیلی کردبوو لە عێراق، ئەگەر بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەن.
رۆژی چوارشەممە ٦/١٢/٢٠١٧ و دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ھۆشداریی دا ھاووڵاتییانی خۆی لە عێراقبەوە رووبەڕووی ھەڕەشە دەبنەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٦/١٢/٢٠١٧، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
ئیسرائیل شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی خۆی ناساندووە و فەلەستین و عەرەبیش بە شارێکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن.
میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و حەشدی شەعبیی عێراقی بە نیازن ھێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لوبنان و داگیریان بکەن.
باسنیوز