جێگرانی سەرۆک کۆماری عێراق دەدرێنە دادگا
حەسەن یاسری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی (شەفەقنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەستەکەمان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات چەند بەرپرسێکی عێراقی داوەتە دادگا و لەناو ئەو بەرپرسانەشدا جێگرانی سەرۆک کۆماری تێدایە".
یاسری ئاماژەی بەوەش کردووە بە ھەموو شێوەیەک ڕێگری لەو بەرپرسانە دەکرێت کە سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن و گوتیشی ئەوە یەکەمجارە دۆسیەی ئەو گەندەڵکارانە بکرێنەوە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشووەوە ھەیە و وەک یاداشتنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک و دەرمان کە دەستەکەمان توانیویەتی بە سەدان دۆسیەی لەو شێوەیە ھەڵ بداتەوە کە بە چ شێوەیەک ئەو بەرپرسانە ئابووریی ئەو وڵاتەیان بەرەو ھەڵدێر بردووە".
حەسەن یاسری ئاشکراشی کردووە: "لەگەڵ دادگای باڵای عێراق و وەزارەتی دادوەری و وەزارەتی دەرەوە ھەماھەنگییان کردووە کە ھەندێک لەو دۆسیانە ڕەوانەی پۆلیسی ئینتەرپۆل کراون، بەڵام ھەندێک لە وڵاتان ھاوکارمان نابن، بۆیە ئەوە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەیە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرێت و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ھەماھەنگ بێت بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکان".
باسنيوز