ئێران کار بۆ دانانی کەسایەتییەکی ئێرانی لەجێی سیستانی دەکات

ئێران کار بۆ دانانی کەسایەتییەکی ئێرانی لەجێی سیستانی دەکات
ئێران دەیەوێ کەسایەتییەکی ئایینیی ئێرانی شوێنی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان لە عێراق عەلی سیستانی، بگرێتەوە. شارەزایانی سیاسییش پێیان وایە ئەو ھەوڵەی ئێران ھێندەی سیاسییە، ئایینی نییە، چونکە ئێران دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە دەست بەسەر تەواوی سیاسەت لە عێراقدا بگرێت.



ئێران دوای ئەوەی بە خەونی ھیلالی شیعە لە عێراقەوە بۆ سووریا، لەڕێگەی سەربازی و سوپای قودسەوە گەیشتووە، ئێستا لە ھەوڵدایە دەست بەسەر تەواوی کایە سیاسییەکانی عێراقدا بگرێت، بەھۆی کاریگەرییەکانی مەرجەعیەتی ئایینی شیعەشەوە بەسەر سیاسەتکردن لە عێراقدا، دەیەوێ ئەو مەرجەعیەتە بەتەواوی لە شیعەکانی عێراق وەربگرێتەوە و بیخاتە ژێر تەواوی ھەژموونی خۆی، بەشێوەک ئەو کەسایەتییەی لەو پێگەیەدا بێت کەسێکی بە رەگەز ئێرانیی شیعە بێت.



بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ھەواڵی (رۆیتەرز)، ئایەتوڵا مەحمود ھاشمی شەھرودی، کە پیاوێکی ئایینی دیاری شیعە مەزھەبی ئێرانییە، ئێستا لە شاری نەجەفە و لە ھەوڵی ئەوەدایە پێگە مەزھەبییەکەی خۆی بەرز بکاتەوە و ‌شوێنی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بگرێتەوە.



لە راپۆرتەکەدا ھاتووە، شەھرودی تەمەن ٦٩ ساڵ، لەماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسایەتییە ئایینییەکانی مەزھەبی شیعە لە نووسینگەکەی ئەنجام داوە، کە دەکەوێتە نزیک گۆڕی ئیمام عەلی و بە پیرۆزترین شوێنی مەزھەبی لە جیھانی شیعەدا دەناسرێت.



(رۆیتەرز) ئاشکراشی کردووە، بەگوێرەی بەرپرسانی عێراقی، ئامانجی شەھرودی لەو کۆبوونەوانەدا بۆ بەرزکردنەوەی پێگەکەی و بوونی بە جێگرەوەیە لە شوێنی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، کەسایەتیی مەزھەبی عێراقی تەمەن ٨٧ ساڵە.



ھەر لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، ئێران دەیەوێ ھەژموونی خۆی بەسەر شیعەکانی عێراقدا بسەپێنێت، لەکاتێکدا شیعەکانی عێراق چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەر شەھرودی ھەیە و بە چاوی گومانەوە سەیری دەکەن.



چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ھەرچەندە سیستانی پەیڕەوی ریبازیکی مەزھەبیی ئێرانییە، بەڵام بەشێکی زۆری شوێنکەوتووانی نایانەوێت جێگرەوەی سیستانی لە تارانەوە دابنرێت، بەتاییەتی ھەندێ لە سەرکردە سیاسییەکانی شیعە وەکوو موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و ئەیاد عەلاوی، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ھەر کەسێکی ئێرانی شوێنی سیستانی بگرێتەوە، ھێندەی ئامانجی سیاسیی ھەیە، ئەوەندە نایەوێ خزمەتی پێڕەوکارانی شیعی بکات، بەشێوەیەکیش ئەو کەسە کار لەسەر سڕینەوەی ھەژموونی عێراقی لەناو ماڵی شیعەدا دەکات.



موئەیەد تەیب، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، دەمێکە ئێران ئەو ھەوڵە دەدات، گوتی: “راستە ئەو مەرجەعیەتە لە عێراق ئایینییە، بەڵام کاریگەریی زۆری بەسەر سیاسەتەوە ھەیە، بەشێوەیەک مەرجەعیەت را لەسەر پرسی سیاسی دەدات و شیعەکانیش پێوەی پابەند دەبن، بە شێوەیەک دەسەڵاتیان بەسەر سیاسەتدا ھەیە، تەنانەت دروستبوونی حەشدی شەعبی بە لایەنی سیاسی نەدەکرا، بەڵام کاتێک مەرجەعیەت فەتوای دا، ئەو ھێزە دروست بوو”.



ئەو چاودێرە راشی گەیاند، تا ئێستا ئەو مەرجعیەتە بەتەواوی لەژێر ھەیمەنەی ئێراندا نەبووە، بەڵکوو کورد و سوننەش راکانیان قبووڵ کردووە و ڕێزیان لێی گرتووە، گوتی: “لە دۆخێکدا ئەگەر مەرجەعیەت بەتەواوی بکەوێتە ژێر ھەژموونی ئێرانەوە، ئەوە مەرجەعیەتی شیعەکان بەتەواوی باڵانس لەدەست دەدات و دەبێ بە مەرجەعێکی ئێرانی، ئێران ھەر لە شۆڕشی خومەینییەوە لە ساڵی ١٩٧٩ ھەوڵی ئەوەی داوە کە مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە ئێراندا کۆ بکاتەوە، تەنانەت دروستکردنی فەیلەقی قودسیش ھەر بەو ئامانجە بووە، کە شیعەکانی دەرەوەی ئێران ھەمووی سەر بە ئێران بن، ئەگەر سەیری پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بکەین، دەبینین مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراقدا بوون، بەڵام کاتێک شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ڕووی داوە، ئەوان تەنانەت لە دەستووردا ئامانجیان ویلایەتی فەقی بووە و بڕیاریان داوە کە دەبێ مەرجەعی شیعەکان کەسایەتییەکی ئێرانی بێت و نابێت لەدەرەوەی ئێرانەوە دابنرێت”.



ئاماژەی بەوەش دا، ئێران ئێستا پێی وایە حەقی مەرجەعیەتی شیعە لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەش لای ئەوە، چونکە خۆی بە پارێزەری شیعە لە جیھاندا دەزانێ، بەڵام سیاسییە شیعەکانی عێراق لەسەر ئەو پرسە جیاوازییان ھەیە، گوتی: “ھەندێکیان بە تەواوەتی سەر بە ئێرانن و باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیە ھەیە، ھەندێکیشیان وەکوو موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و عەلاوی، نایانەوێ بەتەواوی شیعەکان بکەونە ژێر ھەژموونی ئێرانەوە”.


بەڵام د. ھاوار نێروەیی، مامۆستای زانکۆی دھۆک و شارەزا لە گرووپە شیعەکان، بۆ (باس) رای گەیاند، لەو دۆخەدا کە ئەمەریکا بەتەواوی خەریکە پاشەکشە لە عێراقدا دەکات، ئێران دەیەوێ لە رووی ھەژموونی ئایینی و سیاسییشەوە دەست بەسەر تەواوی جومگە ئایینی و سیاسییەکانی عێراقدا بگرێت، لە کاتێکدا کە لەڕووی سەربازی و حەشدی شەعبییەوە سەرکەوتوو بووە، گوتی: “سەرکردە سیاسییەکانی شیعەی عێراق تەنانەت سەدر و حەکیم و عەلاوی لەبەرامبەر بە ھەژموونی ئێران نەرم بوون، بەشێوەیەک بە لایەنی کەم ئەگەر دژایەتیی ئەو ھەژموونەش نەکەن کە پێشتر دەیانکرد و جیاوازیی زۆریان لەگەڵدا ھەبوو، ئێستا بێدەنگن، کە رەنگە ئەو بێدەنگییەش بەھۆی بەھێزیی ئێرانەوە بێت بەسەر کایەی سیاسی و سەربازیی عێراقیدا، بەتایبەتی لەدوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە کە ئێران بەتەواوی باڵادەستبوونی لەبەرامبەر بە ئەمەریکا لە عێراقدا راگەیاند”.



ئەو شارەزایە لە گرووپەکانی شیعە و حەشدی شەعبی، ئاماژەی بەوەش دا، شیعەکان لە مێژوودا ھەردەم مەرجەعیەتیان ھەبووە، بەڵام لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ئێران، جۆرێک لە دووبەرەکیی گەورە لەنێوان شیعەی ئێرانی بە کولتووری فارسی و شیعەکانی عەرەبی بە و کولتوورێکی عەرەبی رووی داوە، گوتی: “ئەو دوو سەنتەرە جیاوازە کە لە عێراق و ئێراندان بەردەوام ناکۆکی و ھەوڵی خۆیان بۆ زاڵبوون داوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی بەسەر ئەو کولتوورە عەرەبییەی عێراقدا زاڵ بێت و مەرجەعیەتی شیعە بەتەواوی بخاتە ژێر ھەژموونە ئێرانییەکە، ئەوەش پەیوەندیی زۆری بەو پاشەکشەی ئەمەریکاوە ھەبووە لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠١١، کە بەشێوەیەک عێراقی رادەست بە ئێران کرد”.



ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەو پاشەکشەیەی ئەمەریکا بەردەوام بێت و زیاتر لەوە بخایەنێت، ئەوە ئێران کەسێکی دیکە لە شوێنی سیستانی دادەنێت و تەواوی مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق بە فەرھەنگی عەرەبییەوە کۆنتڕۆڵ دەکات، بەوەش ئێران دەبێتە مەرجەع بۆ بڕیارە سیاسییەکان لە عێراق و بەتەواوی عێراق دەبێتە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران.







باسنیوز
Top