دۆسته‌ دێرینه‌كه‌ى عه‌بادى سكاڵا له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ى تۆمار ده‌كات

 دۆسته‌ دێرینه‌كه‌ى عه‌بادى سكاڵا له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ى تۆمار ده‌كات
له‌ هه‌نگاوێكدا كه‌ چاودێرانى سیاسی به‌كوده‌تا بۆ سه‌ر حزبه‌كه‌ى ناوى ده‌به‌ن، سه‌ركرده‌ له‌حزب ده‌ركراوه‌كه‌ى حزبى ده‌عوه‌، به‌ تۆمه‌تى "ناوزڕادن" سكالاى یاسایی له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ى، تۆمار ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق، سه‌ركرده‌ى پێشوو له‌ حزبى ده‌عوه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دۆسته‌ دێرینه‌كانى حه‌یده‌ر عه‌بادى، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25/ 11/ 2017 ڕایگه‌یاند: "ئه‌و ناوزڕاندنه‌ى كه‌ لیژنه‌كه‌ى حزبى ده‌عوه‌ كردوویانه‌، بابه‌تێكى دوور له‌ كاره‌كه‌یان بووه‌ و به‌ده‌ست تێوه‌ردان له‌ كارى دادگاى عێراقی ده‌زانم".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ به‌یاننامه‌ى لیژنه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی بته‌ویان نییه‌ و مافى تۆمه‌تباریشیان نه‌پاراستووه‌، وه‌ك له‌ یاسای شه‌رعى و یاسایی عێراقیدا هاتووه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر دادگا، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: "نابێت پرسه‌كان بۆ حزبه‌كان به‌جێبهێڵدرێت و به‌ئاره‌زووی خۆیان بۆ یه‌كترپاكتاوكردن، هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن".

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ لیژنه‌كه‌ به‌و كاره‌یان، ته‌نانه‌ت په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزبه‌كه‌شیان پێشێلكردووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان پابه‌ندى یاساى به‌كارهێنراو ببن و سته‌م و خراپه‌كارى به‌رامبه‌ر ئه‌ندامه‌كانیان به‌كار نه‌هێنن".

هه‌فته‌ى ڕابردوو حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵی و پاراستنى گه‌نده‌ڵكاران، بڕیاری دا، سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق، پارێزگارى پێشووترى به‌غدا، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى حزبى ده‌سه‌ڵاتدار، له‌ حزبه‌كه‌ ده‌ر بكات.












باسنيوز
Top