ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس: گرووپه‌كانی داعش له ناوچه رزگاركراوه‌كاندا ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی حه‌شدی شه‌عبی لێدوانێكی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ناوبراو ده‌ڵێت: "ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردن له ناوچه‌كانی جه‌زیره و باكووری حه‌و‌زی فورات و باشووری قه‌زای راوه و حه‌زه‌ر و ناوچه‌كانی تكریت و مووسڵ ده‌ستیپێكردووه و ده‌مانه‌وێت كۆنترۆڵی ئه‌و گرووپ و كۆمه‌ڵه تیرۆریستانه بكه‌ین كه هێشتا له ناوچه‌كاندا ماون".
جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه خۆیشی یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له ساڵی 2009ـوه خراوه‌ته لیستی تیرۆری ئه‌مریكاوه ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت دوایین پێگه‌كانی تیرۆریستانی داعش له‌و ناوچانه كۆنترۆڵ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه به واتای كۆتاییهاتنی داعش نییه، چونكه گرووپه‌كانیان له ناوچه‌كانی دیكه‌دا ماون، ئه‌وه‌ش پێویستی به گه‌ڕان و پشكنینی گه‌وره هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌و ناوچانه‌شی كه رزگاركراون، چونكه گرووپ و ده‌سته‌ی بچووك بچووكی چه‌كدارانی داعش ماون و نامانه‌وێت یه‌كبگرنه‌وه‌و گه‌وره‌ببن".
هه‌ر چه‌نده به‌رپرسانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان، كۆتاییهاتنی داعشیان له رووی سه‌ربازییه‌وه راگه‌یاندووه، به‌ڵام هه‌موویان هاوڕان كه به واتای كۆتاییهاتنی داعش نییه و هێشتا گرووپه توندڕه‌وه‌كان و هزری توندڕه‌وی و پاشماوه‌كانی داعش، مه‌ترسییه‌كی جددین له‌سه‌ر ناوچه‌كه و جیهان، به‌تایبه‌تی عێراق و سووریا.
k24