میلیشیای نوجه‌با هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌كات

میلیشیای نوجه‌با هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌كات
ئه‌كره‌م كه‌عبی، به‌رپرسی یه‌كه‌می میلیشیای نوجه‌با له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ره‌نگاری هه‌ر هێرشێكی ئیسرائیل ده‌بینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیكاته‌ سه‌ر حزبوڵڵای لوبنانی.

هاوكات ئه‌و گرووپه‌ میلیشیا عێراقییه‌، ئاماده‌یی خۆیشی نیشانداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌رزاییه‌كانی جۆلان بكات له‌ سووریا كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و له‌لایه‌ن سوپای ئه‌و وڵاته‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌كره‌م كه‌عبی رایگه‌یاندووه‌، بوونی میلیشیاكه‌یان له‌ ناو خاكی سووریا، رێگه‌پێدراوه‌ و یاساییه‌ و وه‌ك ئه‌مه‌ریكا نایاسایی نییه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر داوا و به‌ ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی سووریا بووه‌.

به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و میلیشیایه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، نوجه‌با به‌شداری له‌ هه‌ر شه‌ڕێكدا ده‌كات له‌ دژی ئیسرائیل ئه‌گه‌ر هێرشبكاته‌ سه‌ر حزبوڵڵای لوبنان.

ئه‌كره‌م كه‌عبی، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر كرده‌یه‌كی "گه‌مژه‌ییانه‌" له‌ دژی میلیشیاكه‌ی ئه‌وان ئه‌نجام بدات له‌ عێراق و سووریا، به‌ره‌نگارییان ده‌بنه‌وه‌.

ملیشیای نوجه‌با، گرووپێكی شیعی له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌ و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێران و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.

پێشتریش كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و نوجه‌بای خستووه‌ته‌ لیستی سزاكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ كرده‌وه‌ تیرۆریس و داوای له‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش كرد، له‌ ماوه‌ی 90 رۆژدا، جموجۆڵی ئه‌و گرووپه‌ میلیشیاییه‌ په‌كبخات.



K24
Top