بۆ جاری دووەم ڕەئیسی وجیهانگیری و لاریجانی كێبەڕكێ لەسەر سەرۆكایەتیی ئێران دەكەن

بۆ جاری دووەم ڕەئیسی وجیهانگیری و لاریجانی كێبەڕكێ لەسەر سەرۆكایەتیی ئێران دەكەن

دوێنێ(شەممە) ئێران دۆسێی تۆماركردنی پاڵێوراوانی بۆ سێزدەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داخست، كە بڕیارە لە مانگی داهاتوو بۆ جێگرەوەی سەرۆك حەسەن ڕەیحانی ئەنجام بدرێت، لە دوا ڕۆژی تۆماركردندا، هەر یەك لە سەرۆكی داوەری ئیبراهیم ڕەئیسی و ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرۆكی ئێستاو عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان و موحسین ڕەزائی ئەمینداری دەست نیشان كردنی بەرژەوەندیی ڕژێم بەشداری دەكەن.
جیهانگیری دوای تۆماركردنی ناوی، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند كە بەنیاز نەبوو خۆی بپاڵێوێ، مەگەر پێویست بوایە، بەڵام بەشداری نەكردنی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوە هانی داوە كە ناوی خۆی تۆماربكات. هەروەها نیگەرانیی خۆی پیشان دا بەرامبەر ئەو هەموو كێشانەی وڵاتەكەی گرتووەتەوە لەوانە هەژاری، بێكاری، پەككەوتنی بەرهەمهێنان، پاشەكشەی وەبەرهێنان، قەیرانی وشكەساڵی و بێ ئاوی، نەمانی متمانە بە دەزگاكانی دەوڵەت، گەندەڵی و زۆری دیكە.
لەلایەكی دیكەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی دادەری لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە كە وەك بێ لایەن و سەربەخۆیەك دێتە نێو هەڵبژاردنەوە، ئەو جەختی كردەوە كە ئامانجی ئەو لە بەشداریكردن گۆڕانكارییە لە دەسەڵاتی جێبەجێ كردن لە وڵاتەكەیدا، هەروەها نەهێشتن و قەڵاچۆكردنی گەندەڵی هەژاری و جیاكاری. هەروەها سەرۆكی پێشووی پەرلەمان عەلی لاریجانی ناوی خۆی تۆماركردووە، هەرچەندە ڕیفۆرمخوازان كەمتر لە جاران پشتگیریی دەكەن، ئەمەش دووەم جارە لاریجانی دوای هەڵبژاردنی 2005 بەشداری دەكات كە ئەو كاتە بەرامبەر سەرۆكی پێشوو مەحموود ئەحمەدی نەژاد نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

گوڵان- بەهادین جەلال
Top