لە ئێران بە سێ مەرج مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرت دەدرێت

 لە ئێران بە سێ مەرج مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرت دەدرێت
پرسی ئیزن نەدان بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکان لە ئێران و دژایەتیی مەلاکان بووەتە بابەتێکی هەستیار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بڕیاری سەیرە و سەمەرە لەم بارەوە دەدرێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی ئێران، پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی کە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لە بەرانبەر هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتەکان، ڕایگەیاند"خۆ هەرکەسێک بەیانی لە خەو هەستێت و مایکێکی دەسکەوت، ناکرێ ببێتە داڕێژەری یاسا." لە بەرانبەردا دادوەری گشتیی تاران ڕایگەیدناووە لەمەودوا بە سێ مەرج لە تاران ئیزن بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت دەدرێت.

لەم بارەوە عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی، دادوەری گشتیی تاران گوتی بۆ دانی مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرت یەکەم پێویستە "ئاسایشی ڕێوڕەسمەکە لەلایەن پارێزگاوە دابین بکرێت، مەرجی دووەم گەرەنتیی سڵامەتیی ناوەرۆکی بەرنامە و کۆنسێرتەکە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە پەسەند بکرێت و دەبێ بۆ مەرجی سێیەمیش ڕێوڕەسمەکە لەلایەن پۆلیسەوە تۆمار بکرێت، چونکە ئەمکارە لە پێشگیریی گرفتی کۆنسێرتەکاندا کاریگەرە."

پاش ئەوەی لە یەک دوو هەفتەی رابردوودا چەندین بەرنوێژ و مەلای توندڕەوی ئێران هێرشیان کردە سەر وەزارەتی ڕۆشنیبری بۆ مۆڵەتدان بە کۆنسێرتەکان، وەزیری ڕۆشنبیریی ئێرانیش ملکەجی ئیمام جومعەکان بووە و لە شارەکانی مەشهەد و تاران چەندین کۆنسێرت هەڵوەشێنراونەوە.

لە ڕوانگەی مەلاکانی ئێرانەوە سازدانی کۆنسێرت و مۆسیقا و هەڵپەڕکێ حەرامە و ئەگەریش بکرێت، دەبێ لە چوارچێوەی ڕێنوێنیی ئایینی و دایندا بێت و بەتایبەتی کاتێک ژن و کچ لەناو گرووپە مۆسیقییەکاندا گۆرانی بڵێن، بە کوفر و لادان لە دین و بە بێ ئەخلاقیی وەسف دەکەن و هەتا ئیستا چەند مەرجەعێکی مەزهەبی شیعە لەم بارەوە فەتوایان داوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا شارام نازری هونەرمەندی ناوداری کورد کەلە شاری یەزد کۆنسێرتی هەبوو، کۆمەڵێک لە حیزبوڵڵاییەکان لەبەردەم هۆڵەکە کۆبوونەتەوە و نوێژیان کردووە و دوعای کومەیلیان خوێندووە.










باسنيوز
Top