مەلایەکی ئێرانی: خامنەیی هەموو دەسەڵاتەکانی پێغەمبەری هەیە

 مەلایەکی ئێرانی: خامنەیی هەموو دەسەڵاتەکانی پێغەمبەری هەیە
مەلایەکی ئێرانی رایدەگەیەنێت، کە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو دەسەڵاتەکانی پێغەمبەری ئیسلامی هەیە.

عەلی ئەکبەر ناتق نوری، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆکی نووسینگەی پشکنەری تایبەتی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە میانی وتارێکدا لە دەست پێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە حەوزەی زانستیی ئیمام حەسەن لە تاران، رایگەیاند، ئەوانەی رەخنە لە بەشداریکردنی میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا دەگرن، ”لە رووی سیاسیی و ئاینییەوە تێنەگەیشتوون“.

عەلی ئەکبەر ناتق نوری هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەت و دەوڵەتی ئێران لەلایەن ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و شیعەمەزهەبەکانی جیهانەوە بەڕێوە دەبرێت، کە بە هۆی دیار نەبوونی ئیمام زەمان، ”هەموو دەسەڵاتەکانی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلامی هەیە“.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دانی بەوەدا ناوە، کە بەشداریکردنی ئێران لە شەڕی ناوخۆیی سووریا، بۆ ئەوەیە تاوەکو شەڕ لە ئێران دوور بخرێتەوە، ”رووبەڕوو بوونەوەی دوژمنەکان لە شوێن و ناوچەی دوورەوە، باشترە بۆ ئێمە“.

بەپێی باوەڕی موسڵمانانی سوننەمەزهەب، پێغەمبەری ئیسلام چەندین ماف و دەسەڵاتی تایبەتی هەبووە، کە هیچ موسڵمانێک ئەو دەسەڵات و مافانەی نییە.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان لەنێوان رژێمی سووریا و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دروست بووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوون، ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگریی لە رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دەکات و زیاتر لە هەزار چەکداری ئێرانیش لە شەڕەکانی سووریادا کوژراون.










باسنيوز
Top